رووداو دیجیتاڵ
تەلەفۆنێکی تایبەتی ئانتۆنیۆ کۆنتی، راهێنەری یانەی ناپۆلی، بۆ یەکێک لە ئەستێرەکانی یانەی مانچێستەر یونایتد، کۆتایی بەگرێبەستێکی ناپۆلی دەهێنێت.
میدیای ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە، ئانتۆنیۆ کۆنتی، بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ ئەلیخاندرۆ گارناچۆ، ئەستێرەی یانەی مانچێستەر یونایتد کردووە و کۆتایی بەچوونی ئەو یاریزانە بۆ یانەی ناپۆلی هێناوە.
لە رۆژانی رابردوودا، سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردبوو، گارناچۆ بووەتە ئامانجی سەرەکیی یانەی ناپۆلی و ئەو یانەیە دەیەوێت لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی ئەمساڵدا، گرێبەستی لەگەڵ بکات.
لاباڵە تەمەن 20 ساڵەکەی مان یونایتد، لە دوای هاتنی رۆبین ئامۆریمەوە بۆ مەشقدانی یانەکە، رووبەڕووی کێشە بووەتەوە لەگەڵ ئەو راهێنەرە و بەشێوەی سەرەکی یاریی ناکات.
رۆژنامەی 'ئێکسپرێس'ی بەریتانی دەڵێ، ناپۆلی بەتەواوی نزیکە لە گرێبەستکردن لەگەڵ گارناچۆ، ئەوەی کارەکەی یەکلاکردووەتەوە، تەلەفۆنێکی کۆنتی بووە.
لای خۆیەوە، رۆژنامەی 'کۆریێری دیلۆ سپۆرت' دەڵی، کۆنتی بۆخۆی تەلەفۆنی لەگەڵ گارناچۆ کردووە و رازیکردووە بەچوونە یانە ئیتاڵییەکە. رۆژنامەکە وردەکاریی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئاشکرا نەکردووە.
ناپۆلی، بەشوێن یاریزانێکدا دەگەڕێت بۆ پێکهاتەی سەرەکیی تیپەکە، پاشئەوەی ناچاربوو لە چەند رۆژی رابردوودا، دەستبەرداری خڤیشا کڤاراتسخێلیای جۆرجی هەڵبگرێت بۆ یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی.
سەرچاوەکان دەڵێن، مانچێستەر یونایتد داوای 50 ملیۆن پاوەند دەکات بۆ دەستبەرداربوون لە گارناچۆ، لە کاتێکدا ناپۆلی ئامادەیی پێشانداوە 42 ملیۆن پاوەند بدات.
پێشبینیکراوە لە چەند رۆژی داهاتوودا، جیۆڤانی مانا، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی ناپۆلی، لەگەڵ بەرپرسانی یونایتد کۆببێتەوە لەپێناو تەواوکردنی گرێبەستەکە.
گارناچۆ لە 2022ەوە لە مانچێستەر یونایتد یارییدەکات و لە 121 یاریدا 24 گۆڵی بۆ ئەو یانەیە تۆمارکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ