بەرپرسانی سانجێرمان لە ئێمباپێ تووڕەن

08-04-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ پاریس سانجێرمان پاریس سانجێرمان، یاریزان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، مشتومڕێکی گەورەی لە ماوەی رابردوودا لە نێو یانەکەیدا دروستکردووە، ئەوەش بووەتە هۆکاری دڵشکان و تووڕەبوونی بەرپرسانی یانە پاریسییەکە.
 
کیلیان لە چەند رۆژی رابردوودا، لە رێگەی پەیامێکی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، رەتیکردەوە لە ڤیدیۆیەکی پڕوپاگەندەی یانەکەیدا دەربکەوێت لەبارەی فرۆشتنی بلیتی وەرزیی یارییەکانی یانەکەی لە وەرزی داهاتوودا.
 
میدیای فەرەنسا گوتوویانە، ئێمباپێ لە رێگەی بڵاوکراوەیەکەوە پەیامێکی روونی بۆ بەرپرسانی یانەکە ناردووە و رەتیکردووەتەوە ئەو وەک سەرکردەی پڕژەی داهاتووی پاریس سانجێرمان بناسێنرێت، پاشئەوەی کە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەدا تاوەکو هاوینی 2024 نوێکردەوە.
 
میدیاکان دەڵێن، ئەو هەنگاوەی ئێمباپێ، بەرپرسانی سانجێرمانی تووڕەکردووە، پێیانوایە کە پەرچەکرداری ئەو یاریزانە بەرامبەر ناساندنی ئەو وەک سەرکردەی یانەکە لە ساڵانی داهاتوودا، نەگونجاوە و دەکرا ئەو لەبری ئەوەی لە سۆشیال میدیاوە رەتکردنەوەکەی خۆی رابگەیەنێت، بە بێدەنگی بەبەرپرسانی یانەکە بڵێت ئەو بەو رێکلامە رازی نییە.
 
میدیاکان دەڵێن، بەشێکی رەتکردنەوەکەی ئێمباپێ پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئەو یاریزانە، جارێکی دیکە سوورە لەسەر وەرگرتنی مافی تەواوی خۆی لە 'مافی بڵاوکردنەوەی وێنەکان' و ئەوە بۆ ئەو بابەتێکی زۆر هەستیارە، چونکە ئێستا لە دانوستاندنی نوێدایە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەبارەی مافی وێنەکان.
 
ئێمباپێ لە کۆتایی وەرزی رابردوودا نزیکبوو لەوەی پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکات، بەڵام لە کۆتاییدا بەکۆمەڵێک مەرجی نوێوە، گرێبەستەکەی لەگەڵ سانجێرمان نوێکردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە