چاڤی: تۆپی پێ شانۆگەری نییە

08-03-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن چاڤی هێرناندێز، بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، بەتووندی وەڵامی ئەو رەخنانەی داوەتەوە کە لە ماوەی رابردوودا بەهۆی شێوازی یاریکردنی تیپەکەیەوە ئاراستەی کراون، بەتایبەت ئەو شێوە یاریکردنەی لە کلاسیکۆی جامی شای ئیسپانیادا بەرامبەر ریال مەدرید پەنای بۆ برد.
 
بارسێلۆنا لە یاری چوونی قۆناخی نیوەی کۆتایی جامی شای ئیسپانیادا، بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ سەرکەوتنی بەدەستهێنا بەهۆی شێوازی بەرگریی بەهێزەوە.
 
چاڤی قسەی بۆ میدیای کەتەلۆنیا کردووە، دەڵێ "هەموو کات دەمانەوێت کۆنترۆڵی تۆپ بکەین، بەڵام تۆپی پێ شانۆگەرییەک نییە و تۆ یەک ئاراستە نمایشی تێدا بکەیت، تیپێک هەیە بەرامبەرت و هەوڵدەدات لێت بباتەوە".
 
هەروەها دەڵێ، "ریال مەدرید ئاستێکی زۆر باشی پێشکێشکرد، کۆنترۆڵی تۆپی کرد، پێمناڵێن چۆن تۆپ لە ژێر قاچی مۆدریچ و کرووس دەردەهێنیت".
 
راهێنەری پێشەنگی لالیگا، زیاتر دەڵێ، "هەندێک رەخنە لە من دەگرن بەوەی کە دی ئێن ئەی بارسێلۆنام گۆڕیووە لە یارییەکەدا، بەڵام دڵنیابن لەوەی من خیانەت لە شێوازی خۆم ناکەم".
 
چاڤی زیاتر دەڵێ، "ئێمە پلانێکی یاریکردنمان هەیە، بەڵام دەبێ خۆمان لەگەڵ دۆخی یارییەکاندا بگونجێنین، بەرگریکردن بەشێکە لە تۆپی پێ".
 
بارسێلۆنا کۆی نۆ خاڵ لە ریال مەدریدەوە دوورە لە پێشەنگی لالیگادا و بەر لە بەڕێوەچوونی کلاسیکۆی گەڕانەوەی جامی شا، دەڵێ "بەرامبەر ریال مەدرید بایەخمان بە کۆنترۆڵی تۆپ نەدا، ئەوەندەی بایەخمان بەوەدا کە نەهێڵین ئەوان بگەنە سەر گۆڵەکەمان، ئەمەش بەشێکە لە پلانەکانی تۆپی پێ".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە