دوای بردنەوەی جامی ئەفریقا مانێ هاندەرانی لیڤەرپوول تووشی سەرسوڕمان دەکات

08-02-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سادیۆ مانێ
A+ A-
 
رووداو - دیجیتاڵ

سادیۆ مانێ، ئەستێرەی هەڵبژاردەی سەنیگال و یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی مشتومڕێکی زۆر دەنێتەوە و ترس دەخاتە دڵی هاندەرانی یانەی لیڤەرپوولەوە.

مانێ لەگەڵ هەڵبژاردەی سەنیگال لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقادا، بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و نازناوی پاڵەوانێتییەکەیان بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بردەوە.
 
دوای بردنەوەی نازناوەکە مانێ لە لایڤێکدا کە لەسەر ئینستاگرامەکەی ئەنجامیدا و لەبارەی بردنەوەی نازناوەکە قسەیکرد و بابای گای، هاوڕێشی و یاریزانی یانەی مارسیلیا ئامادە بوو.
 
بابا لە لایڤەکەدا پرسیارێکی لە مانێ کرد و پێیگوت " دەکرێت لە داهاتوودا پەیوەندی بە یانەی مارسیلیاوە بکەیت، لەکاتێکدا لە منداڵیدا هاندەری ئەو یانەیە بووی؟، مانێ لە وەڵامدا پێکەنی و گوتی " بە مارسیلیا دەڵێم، هەموو توانایەکتان بخەنەگەڕ، پارە خەرجبکەن و من دێم."
 
مانێ لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی " پێویستە لەسەرتان پارەی گواستنەوەم بدەن، ئەو کات من یاری بۆ یانەی مارسیلیا دەکەم."
 
سادیۆ مانێ پێشتر لە خولی فەرەنسا یاریی بۆ یانەی مێتز کردووە، دوای ئەوە چووەتە یانەی رێدبوڵ سالزبۆرگ، لەوێشەوە بۆ یانەی ساوسامپتۆنی ئینگلیزی و پاشان لە 2016 پەیوەندیی بە یانەی لیڤەرپوول کرد، یاریزانەکە نازناوی خولی ئینگلتەرا، چامپیۆنزلیگ و جامی سوپەری ئەوروپای لەگەڵ یانەکە بردووەتەوە.
 
هێرشبەرە سەنیگالییەکە لە ماوەی رابردوودا ناوی بە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەسترابووە و یانەی شاهانە دەیویست یاریزانەکە بباتە ریزەکانی، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.
 
گرێبەستی سادیۆ مانێ، لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول لە هاوینی 2023 کۆتاییدێت، تاوەکو ئێستا داهاتووی یاریزانەکە بەتەواوی دیارنییە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە