هاوژینەکەی سادیۆ مانێ زۆربەی کاتەکانی بە خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز بەسەردەبات

15-01-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن سادیۆ مانێ عایشە تامبا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

عایشە تامبا، هاوژینی سادیۆ مانێ، ئەستێرەی سەنیگالی، دوای پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەگەڵ مانێ بۆ یەکەمجار قسەی بۆ میدیاکان کرد و پێداگیری لەسەر ئەوە کرد کە سامان و نێوبانگی لەمەودوای نایگۆڕن و هەر بە خانمێکی خاکی و ساددە دەمێنێتەوە.
 
ئەستێرەی پێشووی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، ژیانی هاوژینی لەگەڵ عایشە تامبای تەمەن 18 ساڵان پێکهێنا، لە ئاهەنگێکی سادەدا کە رۆژی 7ـی1ـی2024 لە کۆرس ماسار، کە یەکێکە لە گەڕەکەکانی شاری داکاری پایتەختی سەنیگال، سازکرا.
 
ژیانی سادیۆ مانێ، کە یەکێکە لە یاریزانە بەنێوبانگ و دەوڵەمەندەکانی جیهان، بەپێچەوانەی ئەو ژیانەیە کە هاوژینەکەی لەسەری راهاتووە.
 
عایشە لە ناوچەیەکی هەژارنشین لە داکار، لە خانوویەکدا دەژی کە 30 کەس لە ماڵباتەکەی پێکەوە تێیدا نیشتەجێن، کە شەقامەکانی ئەو گەڕەکە هێشتا قیرتاو نەکراون.
 
ئەو خانمە قسەی بۆ رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی کردووە و دەڵێت "چاوەڕێی ژیانی نوێم دەکەم و دەزانم بەتەواوی جیاواز دەبێت، بەڵام هەست بە هیچ گوشارێک ناکەم، چونکە نێوبانگ و پارەی سادیۆ من ناگۆڕێت، ئەوە هەرگیز بۆ من گرنگ نییە، من وەک کەسێکی خاکی و خۆبەکەمزان دەمێنمەوە کە پابەندم بە باوەڕەکەمەوە".
 
هاوژینەکەی سادیۆ، زیاتر گوتی "من کچێکی بەناز نیم، لەسەر ئەوە رانەهاتووم زۆر گرنگیم پێبدرێت، چونکە خێزانێکی زۆر تایبەتین، ئێمە حەزمان لە نێوبانگ و شانازیکردن نییە و باسی ژیانی تایبەتی خۆمان ناکەین، من کەسێکی زۆر خاکیم، بەو شێوەیە پەروەردە کراوم، بەهۆی ئەم هاوسەرگیرییەوە هیچ شتێک ناگۆڕێت".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، بەڵام زۆر شانازی دەکەم کە ئێستا خاتوو مانێم.
 
بڕیارە عائیشە دوای چەند مانگێک پەیوەندی بە مانێوە بکات لە سعودیە، کاتێک تاقیکردنەوەکانی بەکالۆریای تەواو دەکات.
 
ئەو دوو هاوژینە مانگی هەنگوینییان بەسەرنەبرد، چونکە باوکی عایشە سووربوو لەسەر ئەوەی کچەکەی سەرنجی لەسەر خوێندن بێت بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریا لەم هاوینەدا، کە لە سانیگال خوێندکاران ئەو بڕوانامە ئەکادیمییە لە کۆتایی خوێندنی دواناوەندیدا بەدەستی دەهێنن.
 
مانێ ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی سەنیگالدایە بۆ بەشداریکردن لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقا لە کوتدیڤوار، بەڵام هیوای خواستبوو لەگەڵ کۆتاییهاتنی پاڵەوانێتییەکە بچێتە لای هاوژینە نوێیەکەی، کە یاریی کۆتایی لە 11ـی شوبات بەڕێوەدەچێت.
 
مانێ هاوڕێی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە، کە جۆرجینا رۆدریگێزی دۆستی یەکێکە لە خانمە بەنێوبانگەکانی جیهان، زیاتر لە 55 ملیۆن فۆڵۆوەرسی لە ئینستاگرام هەیە.
 
سەبارەت بەو بابەتە، عایشە لە لێدوانێکدا، گوتی "لە راستیدا من جۆرجینا ناناسم، لەبەرئەوەی لە سۆشیاڵ میدیادا هیچ هەژمار و ئەکاونتێکم نییە. لە ماڵەوە زۆربەی کاتەکەم بە خوێندنەوەی وانەکانی قوتابخانە و خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز بەسەردەبەم".
 
یەکێک لە خزمەکانی عایشە ئاشکرای دەکات کە عائیشە جگە لە کاری قوتابخانە زۆربەی کاتەکانی بە خوێندنی قورئان بەسەردەبات و توانایەکی باشی لە خوێندنەوەی قورئان هەیە.
 
ئامادۆی ئامۆزاکەی کە لە هەمان ماڵدا لەگەڵیدا دەژی، بە دەیلی مەیلی بەریتانی راگەیاندووە "وەک خێزانێک ئیسلام لە پێشینەی کارەکانمانە، ئێمە گرنگی بە هەموو ئەو شتانە نادەین کە خەڵک بە ژیانی یاریزانێکی دەوڵەمەندی تۆپی پێوە دەبەستن".
 
ئێمە زۆر دڵخۆشین کە عایشە ژیانی هاوژینی لەگەڵ سادیۆ پێکهێناوە، بەڵام ئەوە لەبەر ئەوەیە کە پیاوێکی خاکییە، نەک لەبەرئەوەی دەوڵەمەند و بەنێوبانگە.
 
ماڵی خێزانی عائیشە کە ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی تێدا بەڕێوەچوو، لەلایەن باوکییەوە دروستکراوە کە ناوی ئامادۆ تامبایە و بەڵێندەری بیناسازییە، بۆ ئەوەی خێزانە گەورەکەی بتوانن پێکەوە بژین.
 
لە کاتێکدا لەوانەیە تامبا بەپێی پێوەرەکانی سەنیگال تا راددەیەک بە دەوڵەمەند هەژمار بکرێت، بەڵام سامانەکەی بە بەراورد بە سامانی مانێ زۆر کەمە.
 
مانێ لە مانگی ئابی 2023 پەیوەندی بە یانەی نەسڕی سعودییەوە کرد بە گرێبەستێکی چوار ساڵی، بە بەهای 136 ملیۆن پاوەند بۆ هەر وەرزێک، بەبێ باج.
 
جگە لە مووچەکەی، مانێ خاوەنی کۆمەڵێک ئۆتۆمبێلی گرنبەهایە بە بەهای ملیۆنان دۆلار، لەوانە ئۆدی RS7، مێرسیدس G63، رەنج رۆڤەر ڤۆگ و بێنتلی کۆنتینێنتاڵ جی تی.
 
بەڵام ئەستێرە سەنیگالییەکە لە هەمانکاتدا بە کارە خێرخوازییەکانی ناسراوە، بەو پێیەی قوتابخانە و نەخۆشخانەیەکی لە زیدی خۆی دروستکردووە، سەدان هەزار پاوەندی بەخشیوە بە کارە خێرخوازییە جیاوازەکان لە سەنیگال.
 
هاوڕێیەکی خێزانەکەی پشتڕاستیکردەوە "سادیۆ بەنێوبانگترین پیاوە لە سەنیگال و خەڵک خۆشیان دەوێت بەهۆی ئەوەی بۆ وڵاتەکەی کردووە. ئەو گەورەترین باڵیۆزی وڵاتەکەمانە".
 
مانێ و هاوژینەکەی هەردووکیان بەڕەچەڵەک خەڵکی ناوچەی کاسامانسی سەنیگالن، کە دەکەوێتە باشووری وڵاتەکە و نزیکەی 275 میل لە داکارەوە دوورە و سەر بە هەمان نەتەوەی سۆسن و بە هەمان زمانی دایک قسە دەکەن.
 
مانێ بۆ یەکەمجار نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەر چاوی لەسەر عائیشە تامبا بوو، کاتێک لەگەڵ دایکیدا چووە سەردانی خێزانەکەی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە