لاپۆرتا بۆ دێمبلی کە دەیەوێت بگەڕێتەوە: ئەوەی خیانەت بکات هەرگیز ناگەڕێتەوە

07-12-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن خوان لاپۆرتا عوسمان دێمبلی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەستێرەیەکی پێشووی بارسێلۆنا داوای کردووە بگەڕێتەوە ریزەکانی بلاوگرانا، بەڵام خوان لاپۆرتا تووشی شۆکی کردووە و پێیگوتووە "ئەوەی خیانەت لە بارسێلۆنا بکات، هەرگیز ناگەڕێتەوە".
 
بارسێلۆنا لە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت لەگەڵ ئاستەنگە ناوخۆییەکانی پەیوەست بە گواستنەوەکان و هەڵبەزودابەزی ئاست، ئەمەش پرسیاری زۆر لەسەر ستراتیژییەکانی یانەکە بۆ داهاتوو دروست دەکات، کە سەرەڕای سەرکەوتنی تیپەکە لە هەندێک رووەوە، لەوانەیە هەندێک بڕیاری وەرزشی کاریگەری لەسەر سەقامگیری تیپەکە هەبێت لە ماوەی داهاتوودا.
 
بەپێی ئەو زانیاریانەی رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی دەستیکەوتوون، عوسمان دێمبلی لە پاریس سانجێرمان بە قۆناخێکی سەختدا تێدەپەڕێت، چونکە بەهۆی ئاستی تیپەکەوە رەخنەی زۆری لێ گیراوە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشبینی دەکرا دوای رۆیشتنی کیلیان ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید زیاتر دەربکەوێت، بەڵام وادیارە ئەو لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتییەدا نەبوو، جگە لەوەش تووشی هەندێک کێشەی دیسپلین بوو کە لە ئەنجامدا چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لەلایەن لویس ئێنریکی راهێنەرەوە سزادرا.
 
لەدوای ئەو رووداوەوە، دێمبلی پەیوەندی لەگەڵ راهێنەرە ئیسپانییەکە زۆر ئاڵۆز بووە، ئەنجامەکانیش لە چامپیۆنزلیگ بوونەتە جێگەی نیگەرانی. یانەکە هەلی سەرکەوتنی راستەوخۆی کەمە، چونکە هێشتا دەبێت رووبەڕووی مانچێستەر سیتی ببنەوە.
 
دوای جێهێشتنی یانە کەتەلۆنییەکە لە دەرگای پشتەوە، سەرەڕای پاڵپشتییەکی زۆر لەلایەن چاڤی هێرناندێزی راهێنەری ئەوکاتەی بارسێلۆناوە، دوای ئدەستەوارەیەکی گرانبەها، کە نەدەتوانرا رەت بکرێتەوە، رووی لە پاریس سانجێرمان کرد. بەڵام دوای زیاتر لە ساڵێک، دان بەوەدا دەنێت کە پەشیمانە لەو بڕیارەی کە داویەتی، هەروەها ئارەزووی خۆی بۆ یاریکردن لەژێر سەرپەرشتی هانزی فلیک نیشانداوە.
 
بەڵام پێناچێت کارگێڕیی بارسێلۆنا بەسەرۆکایەتی خوان لاپۆرتا و دیکۆ، بیری لە گەڕانەوەی دێمبلی بۆ تیپەکە کردبێتەوە، کە سەرەڕای بەهرە گەورەکەی، گواستنەوەی ئاسان نابێت، چونکە پاریس سانجێرمان داوای بڕە پارەیەکی زۆر دەکات.
 
جگە لەوەش پێویستییان بە عوسمان نییە بەلەبەرچاوگرتنی ئاستی یاریزانە لاوەکانی لامین یامال و رافینها، کە بوونەتە باشترین بژاردە بۆ پاڵپشتیکردنی هێڵی هێرشبردن شانبەشانی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی.
 
جگە لە هەموو ئەمانە، بارسێلۆنا تاوەکو ئێستاش خیانەتەکەی دێمبلی لە یادەوەری خۆیدا هەڵگرتووە کاتێک یانەکەی جێهێشت و پەیوەندی بە یانە فەرەنسییەکەوە کرد، تەنانەت ئەو یاریزانە لە وەرزی رابردوودا، لە چامپیۆنزلیگدا، ئاهەنگی بۆ گۆڵەکانی بەرامبەر یانەی کەتەلۆنی گێڕا، ئەمەش وایکرد گەڕانەوەی مەحاڵ بێت، کە هاندەران بە "کەسێکی نەخوازراو" دەزانن، بۆیە دەزگاکانی بەڕوویدا بە تەواوی داخراون.
 
تەنانەت هەندێک سەرچاوەی نزیک لە خوان لاپۆرتا، دەڵێن "سەرۆک پێیگوتووە، ئەوەی خیانەت لە بارسێلۆنا بکات هەرگیز ناگەڕێتەوە، تۆ بەبێ بەرامبەریش ناهێڵم یاری بۆ بارسێلۆنا بکەیتەوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە