راهێنەری ئیسپانیا بۆ یاری کۆتایی ئۆڵیمپیاد بڕیارێکی گرنگ دەدات

07-08-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی ئیسپانیا ئۆڵیمپیادی پاریس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پێش ئەنجامدانی یاریی کۆتایی تۆپی پێی پیاوان، لە ئۆڵیمپیادی پاریسدا، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا بڕیارێکی گرنگ دەدات.
 
ئیسپانیا دوای بردنەوەی یاریی رابردوو لە هەڵبژاردەی میسر، خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی ئۆڵیمپیاد و بەرامبەر هەڵبژاردەی فەرەنسا رکابەری لەسەر بردنەوەی میدالیای زێڕی رکابەرییەکە دەکات.
 
بۆ ئەم یارییە گرنگە، سانتی دینیا، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەیەوێت یاریزانەکان بەشێوەیەکی زۆرباش ئامادەبکات بۆ ئەوەی هەلی بردنەوەی میدالیای زێڕ لەدەست نەدات.
 
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی دەڵێت "راهێنەری ئیسپانیا دوای گەشتە سەرکەوتووەکەی لە ئۆڵیمپیاددا و ئەنجامدانی یارییەکانیان لە بوردۆ، لیۆن و مارسیلیا بڕیارییداوە یاریزانەکانی هەڵبژاردەکەی لە گوندی ئۆڵیمپی بباتە دەرەوە و لە یەکێک لە هۆتێلەکاندا بمێننەوە."
 
سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، هۆکاری رۆیشتنی شاندی هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە گوندی ئۆڵیمیپی خراپیی خزمەتگوزارییەکانە لەو گوندەدا و راهێنەری ئیسپانیا دەیەوێت یاریزانەکانی لە کاریگەرییەکانی گوندەکە دووربخاتەوە.
 
پێشتر چەند یاریزانێک لە یارییە جیاوازەکاندا، رەخنەیان لە خراپیی گوندی ئۆڵیمیپی گرت، دوایینیان تۆماس سیکۆنی مەلەوانی ئیتاڵی بوو کە گوتی "ژوورەکانی گوندی ئۆڵیمیپی زۆر خراپن، کەشوهەوا تێیدا گەرمە و خواردنەکەشی زۆر خراپە."
 
هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئیسپانیا، دووەم ئۆڵیمپیادە لەسەریەک دەگاتە یاری کۆتایی، لە ئۆڵیمپیادی تۆکیۆ میدالیای زیو و پلەی دووەمی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی بەرامبەر بەرازیل دۆڕا، ئەمجارە هەڵبژاردەکە چاوی لە بردنەوەی میدالیای زێڕە.
 
رۆژی هەینی کاژێر 19:00 لە یاریی کۆتایی رکابەرییەکانی تۆپی پێی پیاواندا لە ئۆڵیمپیادی پاریس، هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و فەرەنسا لەسەر یاریگەی پارک دی پرێنسیس لە پاریس رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و فەرەنسا، هەریەکەیان خاوەنی میدالیایەکی زێڕە لە ئۆڵیمپیاددا، فەرەنسا لە 1984 پلەی یەکەمی بردووەتەوە و ئیسپانیاش لە 1992 بووەتە پاڵەوان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە