رووداو دیجیتاڵ
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەڤانی بەنێوبانگی ئیتاڵی، کە پسپۆڕە لە هەواڵەکانی گواستنەوەی یاریزانان و راهێنەران، موژدەیەک لەبارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالیی یانەی نەسڕی سعودی راگەیاند.
بەم دواییە زۆر هەواڵ لەسەر ئەوە بڵاوکرانەوە کە کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی پۆرتوگالی نزیکە لە جێهێشتنی ریزەکانی تیپەکەی و پەیوەندیکردن بە یانەیەکەوە کە بەشداری لە جامی جیهانی یانەکانی 2025 دەکات.
بەم دواییە ناوی رۆناڵدۆ بەسترایەوە بەگواستنەوەی بۆ یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، بۆ ئەوەی لە مۆندیالی یانەکاندا شانبەشانی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی یاری بکات.
بەڵام رۆمانۆ رایگەیاند "زۆر هەواڵ بڵاوبوونەتەوە و ناوی رۆناڵدۆ بەئەگەری گواستنەوەی بۆ ئینتەرمەیامی و یاریکردن شانبەشانی مێسی بەستووەتەوە، بەڕاستی نازانم ئەم هەواڵە لە کوێوە هاتووە! ئەوە بەتەواوی درۆیە".
ئاماژەی بەوەشکرد "کریستیانۆ ئێستا سەرنجی تەنیا لەسەر یانەی نەسڕی سعودییە، هەروەها ئەو تەنیا سەرقاڵی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیە لەگەڵ یانەکەی و ناچێتە هیچ یانەیەکی دیکە، ئێستا لەگەڵ کارگێڕیی نەسڕ لەگفتوگۆدایە بۆ رێککەوتن لەسەر بابەتی درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی".
ئەو رۆژنامەڤانە هەروەها باسی لە هەوڵەکانی نەسڕ کرد بۆ دروستکردنی پێکهاتەیەکی بەهێز بۆ وەرزی داهاتوو، دووپاتیکردەوە کە یانەکە دەستی بە گفتوگۆ کردووە بۆ گواستنەوەی لویس دیازی ئەستێرەی کۆلۆمبیی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ رۆژی هەینی رابردوو لەگەڕی 26ـی خولی رۆشنی سعودیدا، سەرکردایەتی نەسڕی کرد بۆ بردنەوە لە یانەی هیلال بەئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک، کە کریس دوو گۆڵی تۆمارکرد.
رۆناڵدۆ و یانەکەی ماڵئاواییان لە جامی شای سعودیە و جامی سوپەری سعودیە کردووە و ئێستا رکابەری لەسەر نازناوی خولی رۆشن و چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا دەکەن.
رۆناڵدۆ لە کێبڕکێی گۆڵکارانی خولی رۆشنی سعودیدا پێشەنگی گرتووە بەتۆمارکردنی 21 گۆڵ و بە سێ گۆڵ لەپێش عەبدولڕەزاق حەمدەڵڵای هێرشبەری یانەی شەبابەوەیە، کە نزیکترین رکابەرییە.
ئێستا هاندەرانی یانەی نەسڕ هیواکانیان بۆ بردنەوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا خستووەتە سەر شانی رۆناڵدۆ، لەکاتێکدا یانەکە خۆی ئامادە دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی یۆکۆهاما ئێف مارینۆسی ژاپۆنی، کە یارییەکە لە قۆناخی چارەکی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا لەسەر یاریگای شازادە عەبدوڵڵا ئەلفەیسەل بەڕێوەدەچێت.
لە خولی رۆشنیشدا، یانەی نەسڕ بەکۆکردنەوەی 54 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندیدایە، تەنیا دوو خاڵ لەپێش قادیسیەی چوارەمەوەیە و خولەکە هەشت گەڕی ماوە، کە یانەی ئیتیحاد بەکۆکردنەوەی 62 خاڵ تاوەکو ئێستا لە پێشەنگدایە و هیلال بە 57 خاڵ پلەی دووەمی گرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ