ڤیدیۆ؛ راهێنەری دهۆک و قادسیە ئامادەیی خۆیان بۆ یاریی کۆتایی جامی کەنداو راگەیاند

07-04-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
مەسعود میراڵ
مەسعود میراڵ
نیشانەکردن مەسعود میراڵ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راهێنەری هەردوو یانەی دهۆک و قادسیە ئامادەیی تیپەکانیان بۆ یاریی چوونی کۆتایی جامی کەنداو راگەیاند، راهێنەری دهۆک دەڵێت "متمانەمان بەخۆمان هەیە و ئامادەین و راهێنەری قادسیەش گوتی ئەمە دەستکەوتێکی گرنگە."
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە مەسعود میراڵ، راهێنەری یانەی دهۆک بە رۆژنامەڤانانی گوت "ئێمە بەشێوەیەکی ئاسایی سەیری یارییەکە دەکەین و لەو بڕوایەدا نیم لەژێر گوشاردا بین، قادسییە تیپێکی بەهێزە و ژێلیکۆ پێترۆڤیچ راهێنەری زۆرباشە، ئەوان خاوەنی یاریزانی زۆرباشن و ئەزموونی زۆریان هەیە لە یاریی کۆتاییدا."
 
راهێنەری دهۆک لەبارەی تیپی رکابەرەوە دەڵێت "یانەی قادسییە یاریزانی زۆر باش و ئاست بەرزیان هەیە، بەڵام تیپی ئێمە رووبەڕووی زۆر یاریزانی  کوالێتی بەرز بووەتەوە و ئامادەین. کە چووین بۆ سعودیە متمانەمان بەخۆمان بوو ئێستاش لە کوێت بە هەمان ورەوە لێرەین. رارایی لەوەوە دروستدەبێت کە کار لەسەر زانیارییەکانی خۆت نەکەیت، زانیاری زۆرم لەبارەی تۆپی پێوە هەیە و هیچ رارا نیم."
 
مەسعود میراڵ دەڵێت "ئێمە کوردین لە عێراق، کورد سەربەرزن و جێگای شانازین، میدیاکانی کوردستان و کورد بەتایبەیی چاوی لەسەرئێمەیە و درێخی ناکەین بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن، لە کۆتاییدا ئەگەر ئیسلام بیت یان مەسیحی، لە ئەفریقا بیت یان ئەوروپا کورد بیت یان عەرەب تۆپی پێ تەنیا یەک زمانی هەیە و دوورە لە رەگەزپەرستی."
 
دوای ئەوە ژیلیکۆ پێترۆڤیچ، راهێنەری یانەی قادسیەی کوێتی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "دەستکەوتێکی گەورە و جوانە بۆ ئەو ناوانەی گەیشتوونەتە یاریی کۆتایی، قادسیە و دهۆک، قادسیە یەکێک لە بەنێوبانگترین یانەکانی کوێتە بۆیە ئاساییە دەستکەوتی هەبێت. لە هەمانکاتدا دڵخۆشم و رێزێکی زۆرم بۆ دهۆک هەیە، دەستکەوتی ئەوان گەورەترە، بەو پێیەی قادسیە لە بەنێوبانگترین یانەکانی کوێتە، بەڵام لە هەمانکاتدا گەیشتنی قادسیە بۆ یاریی کۆتایی سوپرایزە، بەو پێیەی بودجەی قادسیە زۆر کەمە بەبەراورد بە یانە بەشداربووەکانی پاڵەوانێتییەکە، دەتوانین بڵێین هەشت بۆ نۆ جار کەمترە."
 
لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا لەبارەی ئەوەی ئەنجامەکانی لە خولی کوێت کاریگەریان لەسەر یارییەکە دەبێت؟ پێترۆڤیچ لە وەڵامدا گوتی "لە میدیاکان تێدەگەم، بەڵام لەهەمانکاتدا ئێمە کێشەی پێکانمان هەبوو، چەندین پێکانمان هەیە. هەندێک یاریزانیشمان ماندوون و لەهەمانکاتدا بەشداری لە جامی کەنداودا دەکەین، بۆیە ئاساییە کە هەموو راهێنەرێک دڵخۆش بێت و نیگەران بێت، بەبەخت بێت و بێ بەخت بێت. ئێمە لە یاریی سالمیەدا 7 یاریزانمان ئامادەنەبوون، من باسی ئەوانە ناکەم، باسی ئەوانە دەکەم کە بەشدارییان لە یارییەکەدا کرد، چونکە نابێت راهێنەر باسی یاریزانانی ئامادەنەبوو بکات، ئەو لە تۆپی پێدا روودەدات، بەڵام دەبێت ئەوە بڵێین کە لەوەتەی ئەرکی راهێنەری قادسیەم وەرگرتووە هەفتە بە هەفتە ئاست و ئەنجامەکانمان باشتر بووە. هەندێک قسە دوورن لە واقیعیەت، چونکە هەموو یانەکان سەرکەتنیان دەوێت و هەوڵی بۆ دەدەن."
 

 

رۆژی سێشەممە یاریی چوونی کۆتایی جامی کەنداو، لەنێوان هەردوو یانەی قادسیەی کوێتی و دهۆک کاژێر 19:45 لە کوێت بەڕێوەدەچێت، رۆژی 15ـی ئەم مانگە یاریی گەڕانەوە بەڕێوەدەچێت و یەکێک لەو دوو یانەیە دەبنە پاڵەوانی جامی کەنداو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە