سەرۆکی فیفا: عێراق خۆشەویستییەکی راستەقینەی بۆ تۆپی پێ هەیە

07-01-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن فیفا جامی کەنداوی 25
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان ( فیفا )، ستایشی بەڕێوەبردنی جامی کەنداوی 25 لە بەسرە دەکات و دەڵێت " دڵخۆشم بە گەڕانەوەی رکابەری بۆ عێراق."
 
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، هاوشانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و چەندین کەسایەتی وەرزشی لەسەر ئاستی وڵاتانی کەنداو ئامادەی رێوڕەسمی کردنەوەی جامی کەنداو بوو و لە یاریگەی بەسرەدا بینەری یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و عومان بوون.
 
دوای کەرنەڤاڵەکە سەرۆکی فیفا لە پەیامێکدا گوتی " زۆر دڵخۆشم بەوەی تۆپی پێی رکابەری جارێکی دیکە گەڕایەوە عێراق، وڵاتێکە خۆشەویستییەکی راستەقینەی بۆ تۆپی پێ هەیە، لە پاڵەوانێتییەکی لەم شێوەیە بەهاداریشدا خۆشەویستییەکە زیاتر دەبێت."
 
ئینفانتینۆ زیاتر دەڵێت " تۆپی پێ شادییە و هیوا بە زۆر وڵات و خەڵک دەبەخشێت، پڕبوونی یاریگە و کەش و هەوای بەسرە بەڵگەن بۆ ئەوە."
 
سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان پیرۆزبایی لە عێراق دەکات بۆ بەڕێوەبردنی پاڵەوانێتییەکە و دەڵێت " پیرۆزبایی لە عێراق، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و یەکێتیی جامی کەنداوی عەرەبی دەکەم بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و هەوڵەکانی هەموولایەک بۆ ئەم رێکخستنە نایابە."
 
جامی کەنداوی 25 رۆژی هەینی لە رێوڕەسمێکی نایاب و سەرنجڕاکێشدا دەستیپێکرد، یاریگەی بەسرە رۆژێکی مێژوویی لە وەرزشی عێراقدا بەڕێکرد و زیاتر لە 65 هەزار هاندەر لە یاریگەدا ئامادەی ئاهەنگی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە بوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە