بێلینگهام: مەشقی زۆرمان لەسەر گۆڵەکەی ڤاڵڤێردی کردبوو

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن فیدی ڤاڵڤێردی یانەی ریال مەدرید لالیگا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جود بێلینگهام، ناوەڕاستکاری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، دڵخۆشیی خۆی بەسەرکەوتنی تیپەکەی بەسەر ڤیاریال بەدوو گۆڵی بێبەرامبەر دەربڕی، ئاشکرایکرد، گۆڵی یەکەمی یانەکە، بەرهەمی مەشقی تایبەت بووە.
 
ریال مەدرید لە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ، میوانداریی ڤیاریالی کرد و بەدوو گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا کە هەریەکە لە فیدی ڤاڵڤێردی و ڤینیسیۆس جۆنیۆر تۆماریانکرد.
 
بێلینگهام، لە دوای یارییەکە قسەی بۆ میدیاکان کرد، روونیکردەوە کە دڵخۆشە بەپەرچەکرداری تیپەکە پاش شکستەکەی لیل لە چامپیۆنزلیگ.
 
ئەو زیاتر دەڵێ، "ڤیاریال تیپێکی زۆر باشە، باش تۆپ دەجوڵێنێت، یاریزانی کوالیتی بەرزیان هەیە، بەڵام ئێمە هەر لەسەرەتاوە لەوان باشتر بووین، گوشارمان کرد، ئاراستەگۆڕینمان باشبوو، دوو گۆڵی جوانمانکرد و ئەوەش پەرچەکرداری پاش هەفتەیەکی قورسی تیپەکە بوو".
 
لە کۆتاییەکانی یارییەکەدا، دانی کارڤاخالی بەرگریکەری یانەکە دووچاری پێکانێکی قورسبوو، دواتر روونبووەوە کە ئەو بەرگریکەرە بەستەرەکانی ئەژنۆی پچڕاوە و پێویستە نەشتەرگەری بکات. جود لەوبارەیەوە گوتی، "ئەوەی بەسەردانیدا هات، هەموومانی دڵتووند کرد".
 
هەروەها دەڵێ، "دەبێ چاوەڕێی پشکنینی زیاتر بکەین، بەهیواشم بەزوویی بگەڕێتەوە نێومان، لەبەرئەوەی ئەو یاریزانێکی زۆر گرنگە بۆ هەموومان و کەسایەتییەکی زۆر جوانی هەیە".
 
گۆڵی یەکەمی ریال مەدرید، کە فیدی ڤاڵڤێردی تۆماریکرد، لە پاسێکی لۆکا مۆدریچەوە لە کۆڕنەرەوە بەرهەمهات کە جود لێیگەڕا بگاتە لای ڤاڵڤێردی و ئەویش بەستایلەکەی خۆی لە دوورەوە ئاراستەی گۆڵی ڤیاریالی کرد، جود گوتی، "من و ڤاڵڤێردی سەرلەبەیانیی رۆژی یارییەکە، لەسەر ئەو گۆڵە مەشقی زۆرمانکرد، دڵخۆشبووم کە گۆڵەکە تۆمارکرا، چونکە ئەو ساتێکی درەوشاوەی نایابی فیدی بوو، گۆڵێکی زۆر جوانی تۆمارکرد".
 
لەبارەی تۆمارنەکردنی گۆڵەوە، بێلینگهام دەڵێ، "من هەستدەکەم لە دۆخێکی باشدام، ئەگەرچی گۆڵ تۆمار ناکەم، بەڵام چێژی زۆر وەردەگرم، زۆر تۆپ دێتە لام، باش بەرگریدەکەن، بێگومان دەمەوێ بگەڕێمەوە بۆ گۆڵ تۆمارکردنیش، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە کە بەشداری لە باشبوونی ئاستی تیپەکەمدا بکەم، پێموایە ئەمە کارێکی باشە".
 
بەسەرکەوتن بەسەر ڤیاریال، ریال مەدرید پلەی دووەمی ریزبەندی گشتی لالیگای پتەوترکرد بەکۆکردنەوەی 21 خاڵ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە