رووداو دیجیتاڵ
لۆکا مۆدریچی کرواتی، ئەستێرەی ناوەڕاستی ریال مەدریدی ئیسپانی، داهاتووی خۆی بەمانەوە لە ریال یەکلاکردەوە، بەرلەوەی گرێبەستە یەک ساڵییەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە کۆتایی پێ بێت.
میدیای ئیسپانیا گوتوویانە، لۆکا رێکەوتنی تەواوی لەگەڵ یال مەدرید کردووە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە تاوەکو هاوینی 2024.
میدیاکان دەڵێن، هەردوولا رێکەوتنیان لەسەر هەموو شتێک کردووە. تەنیا واژۆکردنی گرێبەستە نوێیەکە ماوە کە دوای یاریی کۆتایی جامی شا، واژۆ دەکرێت، بەوەش بەر لە رووبەڕووبوونەوەی مانچێستەر سیتی، لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، ریال مەدرید مانەوەی لۆکا رادەگەیەنێت.
بەپێی میدیاکانی ئیسپانیا، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید، راستەوخۆ و رووبەڕووی قسەی لەگەڵ مۆدریچ کردووە و دڵنیای کردووەتەوە لەوەی یانەکە گرێبەستەکەی نوێدەکاتەوە.
هەروەها روونیانکردووەتەوە کە کۆبوونەوەکانی ماوەی رابردووی نێوان مۆدریچ و ریال مەدرید، خێرابوون، چونکە لۆکا بەبێ مەرج رازیبووە گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، لۆکا هەمان مووچەی ئێستای لە ریال مەدرید وەردەگرێت، وەک یەکێک لە خاوەن بەرزترین مووچەکانی یانەکە دەمێنێتەوە، هاوشێوەی هازار و بنزیما.
سەرچاوەکانی ئیسپانیا گوتوویانە، مۆدریچ دەستەوارەیەکی زەبەلاحی سعودیەی رەتکردووەتەوە کە ساڵانە 40 ملیۆن یۆرۆی وەردەگرت، تەنانەت نەیویستووە ئەو دەستەوارەیە وەک گۆشارێکیش لەسەر ریال مەدرید بەکاربهێنێت بۆ رازیکردنیان بە داواکارییەکانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ