ئەلێکس ئیزکوێردۆ، راهێنەری ئاراندینا: ترسمان لە یارییەکەی بەرامبەر ریال مەدرید نییە

06-01-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئەلێکس ئیزکوێردۆ ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەلێکس ئیزکوێردۆ، راهێنەری یانەی ئاراندینا، دانی بەوەدانا کە یارییەکەی ئەمشەویان بەرامبەر ریال مەدرید، زۆر گەورەترە لە تەنیا یارییەک. بەڵام دووپاتیشیکردەوە کە ترسیان لە یارییەکەی بەرامبەر ریال مەدرید نییە.
 
ئەمشەو کاژێر 23:30 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی ئاراندینا لە گەڕی 32ـی جامی شای ئیسپانیادا، لە یارییەکی مێژووییدا لەسەر یاریگەی خۆیدا میوانداری یانەی ریال مەدرید دەکات.
 
ئەلێکس ئیزکوێردۆ، راهێنەری یانەی ئاراندینا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، بۆ رۆژنامەڤانانی دووپاتکردەوە کە رووبەڕووبوونەوەی یانەی ریال مەدرید خەونێکە بۆ هەموو یاریزانانی ئاراندینا، کە لە خولی پلە چواری ئیسپانیا یاری دەکەن.
 
لە درێژەی قسەکانیدا. ئەو راهێنەرە گوتی "ئەو وروژاندنە نەک تەنیا لە ژینگەی وەرزشیدا، بەڵکو لە سەرانسەری شاری ئاراندا دی دوێرۆدا دیارە و بوونی هەیە".
 
راهێنەری ئاراندینا رەتیکردەوە هیچ ترس و نیگەرانییەک لە ئەنجامدانی یارییەکەدا هەبێت، کە رووداوێکی زۆر تایبەتە بۆ هەمووان، لە یانەکە و شارە ئیسپانییەکە.
 
راهێنەرەکە دانی بەوەدانا کە ئامادەکاری بۆ یارییەکە ئاسان نییە و گوتیشی "ئێمە زۆر سەرنجمان لەسەرە، و بەوپەڕی جۆش و خرۆشەوە خۆمان بۆ یارییەکە ئامادە دەکەین".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە