رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی، هێرشبەری یانەی نەسڕی سعودیش، خۆی خستە نێو ئەو هەرایەی سەبارەت بە کیلیان ئێمباپێی ئەستیڕەی فەرەنسیی یانەی ریال مەدرید دروستبووە، بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە ئاستێکی باش لەگەڵ مێرینگێ پێشکەش بکات.
رۆناڵدۆ لە پۆدکاستێکدا لەگەڵ ریۆ فێردیناند، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و یانەی مانچێستەر یونایتد، گوتی "با بزانین ئایا ئێمباپێ خاوەنی بیرێکی روون و عەقڵیەتێکی بەهێزە، و دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ گوشارەکاندا بکات، چونکە ریال مەدرید پاریس سانجێرمان نییە".
سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەگەر کیلیان ئێمباپێ لە ریال مەدرید بڕاوت، تیپەکە بەهێزتر دەبێت؟ کریس لە وەڵامدا ئاماژەی بەوەکرد "ناتوانرێت پشتڕاست بکرێتەوە کە ریال مەدرید باشتر دەبێت ئەگەر ئێمباپێ بڕوات، نازانم".
لە درێژەی قسەکانیدا، دۆن گوتی "بەڵام باوەڕم وایە ریال مەدرید هەر بەهێز دەمێنێتەوە، ئەگەر ئێمباپێ بڕوات، بەڵام نازانم ئایا بەبێ ئێمباپێ لە ساڵی رابردوو باشتر دەبێت یان نا، تەنیا خوا دەزانێت".
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە کۆتایی لێدوانەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد "بەڵام یانەی ریال مەدرید خاوەنی تیپێکی نایاب و یاریزانی ناوازەیە".
لەم ماوەیەی دواییدا گوشارەکان لەسەر ئێمباپێ زۆر زیادیان کردووە، چونکە دوو لێداونی سزای لەدەستداوە کە بووە هۆی ئەوەی ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر لیڤەرپوول و دواتر لە خولی ئیسپانیا بە ئاتلێتیک بیلباو بدۆڕێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ