چیرۆکی فیگۆ دووبارەدەبێتەوە.. یاریزانێکی بارسێلۆنا پێشکێشی ریال مەدرید دەکرێت

05-12-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بارسێلۆنا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریزانێکی ئێستای یانەی بارسێلۆنا بۆ یانەی ریال مەدریدی رکابەری پێشنیاز دەکرێت، بۆ ئەوەی یانەی شاهانە گرێبەستی لەگەڵ بکات.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، خۆرخی مێندێز، بەڕێوەبەری کارەکانی جواو کانسێلۆ، بەرگریکاری پۆرتوگالیی یانەی مانچێستەر سیتی کە بەشێوەی خواستن لە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا یاریی دەکات ئەو یاریزانەی بۆ فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید پێشنیازکردووە، بۆ ئەوەی یانەکە گرێبەستی لەگەڵ بکات.
 
ماڵپەری دێڤێنسا سێنتراڵی ئیسپانی هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، دوای کۆتاییهاتنی وادەی خواستنەکەی کانسێلۆ لەگەڵ بارسێلۆنا، یانە ئیسپانییەکە مافی کڕینەوەی یاریزانەکەی نییە، مانچێستەر سیتیش ئامادەنییە جارێکی دیکە متمانە بداتەوە ئەو یاریزانە و دەیەوێت بەرگریکارە پۆرتوگالییەکە بفرۆشێت.
 
خۆرخی مێندێز، دەزانێت بارسێلۆنا 30 ملیۆن یۆرۆی نییە بۆ ئەوەی بیداتە مان سیتی لە بەرامبەر کڕینی یاریزانەکە، بۆیەش لەگەڵ کۆتاییهاتنی وادەی خواستنەکەی، کانسێلۆ لە بارسێلۆنا دەڕوات.
 
بەڕێوەبەری بەرگریکارە پۆرتوگالییەکە، دەیەوێت سوود لەوە وەربگرێت کە ریال مەدرید بەدوای یاریزانێکی باڵی راستدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەش کانسێلۆی بۆ یانەکە پێشنیازکردووە، بەتایبەت بەهۆی پێکانەکانی کارڤاخاڵەوە ریال مەدرید لەو شوێنەدا تووشی کێشە دەبێت.
 
سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، مانچێستەر سیتی لاریی نییە لە چوونی کانسێلۆ بۆ ریال مەدرید، بەتایبەت کە یانەکە توانای دانی ئەو پارەیەی هەیە کە سیتی داوای دەکات.
 
دێڤێنسا سێنتراڵ دەڵێت "ریال مەدرید زۆر گرنگی بە گواستنەوەی ئەو یاریزانە نادات، بەهۆی ئەو مامەڵەیەی بەهۆی یاریزانەکەوە لە نێوان مانچێستەر سیتی و بایرن میونشن روویدا و یانەی شاهانە ترسی لەوەیە ئەوە کاریگەری بکاتە سەر ژووری جلگۆڕینی یانەکەیان."
 
چوونی کانسێلۆ بۆ ریال مەدرید ئەگەر رووبدات، شتێکی سەیر نابێت، چونکە پێشتر لە سێریا ئەی بۆ هەردوو یانەی یوڤێنتوس و ئینتەرمیلانیش یارییکردووە، کە رکابەری سەرەکی یەکدین.
 
جوان کانسێلۆ، تەمەنی 29 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی تاوەکو هاوینی 2024 بەردەوامدەبێت و ئێستا نرخی گواستنەوەی لە بازاڕدا دەگاتە 50 ملیۆن یۆرۆ.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە