ڤیدیۆ؛ عێراق بە سێ یاریزانی کوردەوە هەنگاوە گرنگەکەی بۆ گەیشتن بە مۆندیال دەستپێدەکات

05-09-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هەڵبژاردەی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رکابەرییەکانی قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال لە کیشوەری ئاسیا دەستپێدەکەن، هەڵبژاردەی عێراق بە سێ یاریزانی کوردەوە دەیەوێت لە یەکەم هەنگاویدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
 
ئەمڕۆ ئێوارە، کاژێر 19:00 بەکاتی باشووری کوردستان، هەڵبژاردەی عێراق لە یەکەم یارییدا لە رکابەرییەکانی قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکاندا لە بەسرە میوانداریی هەڵبژاردەی عومان دەکات، یارییەکە دووبارەکردنەوەی هەردوو یاریی یەکەم و کۆتایی جامی کەنداوی رابردووە، کە لە بەسرە بەڕێوەچوو و عێراق نازناوەکەی بەدەستهێنا.
 
بۆ ئەم یارییە هەڵبژاردەی عێراق ئامادەکارییەکی زۆری کردووە و کەمپێکی مەشق و راهێنانیشی لە دەوحەی قەتەر ئەنجامدا و ئێستا هەڵبژاردەکە بەتەواوی ئامادەیە.
 
خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، بەر لە بەڕێوەچوونی یارییەکە گوتی "یارییەکەمان بەرامبەر عومان زەحمەت دەبێت و لە دوو یاریی رابردوودا بەرامبەر ئەوان لە کاتی ئاساییدا نەمانتوانیووە سەرکەوتن بەدەستبهێنین، لە دۆخی لەمشێوەیەدا پێویستیمان بە پاڵپشتییەکی بەردەوامی هاندەران هەیە، بەتایبەت لەو کاتەدا کە یاریزانەکان هەڵە دەکەن."

 
راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق زیاتر دەڵێت "26 یاریزانی گرنگمان هەیە، بەڵام هەڵبژاردەی عێراق لە هەموو شتێک گرنگترە، باشی پەیوەندی نێوان تیمەکانی هەڵبژاردەکە و پەیوەندیی یاریزانان لەگەڵ راهێنەر و ستافی راهێنەران وادەکات نزیکتر ببینەوە لە خەونی گەیشتن بە مۆندیال."
 
هەڵبژاردەی عێراق لە بەسرە هەمیشە بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتووە، هەڵبژاردەکە لە ماوەی رابردوودا 8 یاریی لەنێو خاکی خۆیدا ئەنجامداوە، 7 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لە یارییەکدا یەکسانبووە و هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، یاریزانانی عێراق 21 گۆڵیان تۆمارکردووە و تەنیا 5 گۆڵیان لێکراوە.

 

 
محەممەد کارێزی، نێردراوی رووداو بۆ رووماڵکردنی یارییەکە لە بەسرەیە و لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 08:30 گوتی "هێزێکی ئەمنی زۆر لە بەسرە بڵاوپێکراوە و عێراق ئامادەکارییەکی زۆری کردووە بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە ئەم یارییە بەڕێوە ببات، دەرگایەکی تایبەتی یاریگەکە بۆ چوونە ژوورەوەی هەڵبژاردەکان و کەسایەتییەکان تەرخانکراوە و چاوەڕواندەکرێت یارییەکی بەهێز لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەدا بکرێت."
 
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراقدا، بۆ ئەم یارییە سێ یاریزانی کورد بانگهێشتکراون، ئوسامە رەشید، یاریزانی نوێی یانەی هەولێر، مێرخاس دۆسکی، یاریزانی یانەی سلۆڤاکۆی چیکی و یوسف ئەمین، یاریزانی یانەی وەحدەی سعودی و چاوەڕواندەکرێت لە یارییەکەی ئەمڕۆدا یاری بکەن.
 
جگە لەم سێ یاریزانە کوردە، هەڵبژاردەی عێراق پڕە لە یاریزانی ئاستبەرز و بەشێکی زۆریان لە خولە گەورەکانی ئەورووپا یاری دەکەن، لەوانەش عەلی جاسم، لە یانەی کۆمۆی ئیتاڵی و عەلی حەمادی، لە یانەی ئیپسویچ تاونی ئینگلیزی کە لە پرێمەرلیگدا یاری دەکات.
 
شێرکۆ کەریم، ئەستێرەی کوردی یانەی هەولێر کە لە چەند بۆنەیەکی جیاوازدا یاریی بۆ هەڵبژاردەی عێراق کردووە، بە رووداوی گوت "ئەوەی من دەیبینم ئەوەیە کە ئێستا کورسییەکانی گەیشتن بە مۆندیال لە چاو ساڵەکانی رابردوو زیاترن، بە بۆچوونی من ئەگەر بەمشێوەیە بڕوات، هەڵبژاردەی عێراق دەتوانێت بگاتە مۆندیال."
 
شێرکۆ دەڵێت "رەنگە هەندێک کەس هەبن بیانەوێت ئەو وێنەیە تێکبدەن، کە خیسوس کاساس دروستیکردووە، بەڵام متمانەم پێی هەیە لەسەر کاری خۆی بەردەوامبێت و بتوانێت عێراق بگەیێنێتە مۆندیال."
 
عێراق لە رکابەرییەکانی قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالدا، لە کۆمەڵەی دووەمدا یاری دەکات، رووبەڕووی هەڵبژاردەکانی عومان، کوێت، فەلەستین، ئوردن و کۆریای باشوور دەبێتەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە