فلیک دەرگای دەرکردنی یاریزانانی کردەوە و ناوی یەکەم قوربانی ئاشکرا بوو

05-03-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هانزی فلیک ئانسو فاتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بارسێلۆنا گڵۆپی سەوز بۆ یانە سعودییەکان هەڵدەکات بۆ ئەوەی دانوستاندن لەگەڵ یاریزانێکی دەستپێبکەن، لەبەرئەوەی هانزی فلیکی راهێنەر بڕیاری کۆتایی خۆی داوە و لە پلانەکانی دەرکردووە.
 
کارگێریی یانەی بارسێلۆنا، ئامادەیە گوێ لەو دەستەوارانە بگرێت کە لە خولی سعودییەوە پێشکەشی دەکرێن بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو گرێبەست لەگەڵ ئانسو فاتی، یاریزانی یانەکە بکەن.
 
دوو یانە زەبەلاحەکەی خولی سعودیە، هیلال و نەسڕ، پێشتر ئارەزووی خۆیان بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەستێرەکانی یانەی کەتەلۆنی دەربڕیبوو، هەروەها ئامادەبوون دەستەوارەی گەورە پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵیان بکەن.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی fichajes، کارگێڕیی یانە کەتەلۆنییەکە ئێستا کراوەتر بووە بۆ گوێگرتن لە دەستەوارەکانی سعودیە؛ کە بەنیازن بۆ ئانسو فاتی پێشکەشی بکەن.
 
بارسێلۆنا دەیەوێت دەستبەرداری ئانسو فاتی ببێت، بەمەبەستی کەمکردنەوەی بنمیجی مووچەی بەرزی یاریزانان، هەروەها داهاتێکی زۆر بەدەستبهێنێت لە بەرامبەر فرۆشتنی گرێبەستەکەی ئەو یاریزانە ئیسپانییە.
 
پێدەچێت داهاتووی ئانسو لەگەڵ بارسا بەتەواوی مسۆگەر نەبێت، بەو پێیەی چیدی لە پلانەکانی هانزی فلیکی راهێنەر و کارگێڕیی یانەکەیدا نییە، تەنانەت لەوە ئاگادارکراوەتەوە کە وەرزی داهاتووش پشتی پێنابەستن، بۆیە کارگێڕیی یانەکە کار لەسەر دۆزینەوەی رێگەیەکی دەربازبوون بۆی دەکەن.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی، یانەکانی سعودیە، قەتەر و ئیمارات رووگەی گونجاون بۆ هێرشبەرە ئیسپانییەکە، چونکە لە ئەورووپا ئەستەمە ئەو یانانە بدۆزنەوە کە ئامادەبن مووچە گەورەکەی دابین بکەن.
 
رۆژنامەکە دووپاتیکردووەتەوە کە بژاردەی خواستن هێشتا لەسەر مێزەکە ماوە ئەگەر لەڕووی ئابوورییەوە بتوانرێت، بەڵام بژاردەی یەکەمی یانەکە ئەوەیە کە هاوینی داهاتوو گواستنەوە هەمیشەییەکەی مسۆگەر بکات.
 
بڕیاری کۆتایی لەدەست خودی یاریزانەکەدایە، کە پێویستە بیر لەوە بکاتەوە کە ئایا ئامادەیە گۆڕانکاری لە ژیانی وەرزشیدا بکات یان نا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە