رووداو دیجیتاڵ
گەشبینی و ئومێدەوارییەکی زۆر باڵی بەسەر هاندەرانی فەرەنسیدا کێشاوە، لەبارەی ئەو دۆخەی یانەی پاریس سانجێرمان پێیدا تێدەپەڕێت و زۆرینە بەگەیشتنی یانەکە بەنازناوی چامپیۆنزلیگ گەشبینن.
پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا ئەمشەو لە نێو یاریگەی خۆی رووبەڕووی ئاستۆن ڤێلای ئینگلیزی دەبێتەوە، بەرلەوەی هەفتەی داهاتوو سەردانی یاریگەی ئەو یانەیە بکات.
میدیای فەرەنسی راپرسییان لەبارەی دۆخی یانە فەرەنسییەکەوە کردووە و هەڵوەستەیان لەسەر رادەی گەشبینیی هاندەران بەرامبەر دۆخی یانە پاریسییەکە لە چامپیۆنزلیگ کردووە و دەرکەوتووە گەشبینییەکی زۆر بەسەریاندا زاڵە.
ئەنجامی راپرسییەکە دەریخستووە کە 61 لەسەدی هاندەرانی بەشداربوو، باوەڕیان بەوە هەیە کە پاریس سانجێرمان لە وەرزی ئەمساڵدا نازناوی چامپیۆنزلیگ دەباتەوە، هەمان رێژەی دەنگدەریش پێیانوایە کە پێکهاتەی ئێستای تیپەکە، باشترینە لەوکاتەوەی یانەکە لەلایەن وەبەرهێنە قەتەرییەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
بەپێی هەمان راپرسی 72 لەسەدی دەنگدەران پێشبینیدەکەن کە پاریس سانجێرمان، وەرزی ئەمساڵی خولی فەرەنسا بەبێ هیچ شکستێک کۆتایی پێدەهێنێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە یانەکە هەفتەی پێشوو بردنەوەی نازناوی ئەمساڵی خولەکەی مسۆگەرکرد و راهێنەرەکەشی رایگەیاندووە کە ئامانجیان بەدەستهێنانی نازناوەکەیە، بەبێ شکست.
هەمان ئەو کەسانەی بەشدارییان لە راپرسییەکەدا کردووە، 86 لەسەدیان پێیانوایە کە پی ئێس جی، لە یاریی یەکەمدا سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە مسۆگەر دەکات، کاتێک لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی ئاستۆن ڤێلا دەکات.
لە بەرامبەردا 75 لەسەدی هاندەران بەگشتی و 92 لەسەدی هاندەرانی تۆپی پێ، پێیانوایە کە یەکلابوونەوەی سەرکەوتن بۆ چوارگۆشەی زێڕین، دەکەوێتە یاریی گەڕانەوە.
لەبارەی باشترین یاریزانی پێکهاتەکەوە، دەنگدەران پێیانوایە کە عوسمان دێمبلی خۆشەویستترین و باشترین یاریزانی پاریس سانجێرمانە، لە دوای ئەویش لوکاس هێرناندێز و پاشان دیزی دۆی.
پاریس سانجێرمان لەسەرەتای وەرزی ئەمساڵی چامپیۆنزلیگدا ئاستی وەک پێویست نەبوو، تەنانەت پێویستی بە پاڵاوتنەکانی قۆناخی شانزە هەبوو بۆ پەڕینەوە بەرەو قۆناخەکە. دواتر لە قۆناخی شانزەدا، لیڤەرپوولی ئینگلیزی لە پاڵەوانێتییەکە کردە دەرەوە، لە کاتێکدا ئەو یانەیە پێشەنگی قۆناخی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ