شەر کەوتە نێو ماڵی بارسێلۆنا

03-09-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هانزی فلیک لامین یامال
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رۆژنامەیەکی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا باس لەوە دەکات کە یەکەم بەرکەوتن لە نێوان هانزی فلیکی راهێنەر و یەکێک لە ئەستێرە گرنگەکانی بارسێلۆنا روویداوە و فلیک لەبەردەم هاوڕێکانیدا هاواری بەسەردا کردووە.
 
بارسێلۆنا لە دۆخێکی تەکنیکی نایابدایە لەگەڵ راهێنەرە ئەڵمانییەکەی، کە بە سەرەتایەکی نایاب سەرکردایەتی تیپەکەی کردووە و لە لالیگادا چوار سەرکەوتنی لەسەریەکی بەدەستهێناوە و پێشەنگی خولەکەی بەدەستهێناوە.
 
سەرەڕای ئەمە، رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ ئاشکرایکردووە کە یەکەم پێکدادانی پێشوەختە لە بارسا روویداوە و لە نێوان هانزی فلیک و یەکێک لە ئەستێرەکانی تیپی کەتەلۆنی بووە، بەدیاریکراویش لامین یامال.
 
رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە فلیک دۆخێکی گەورەی دیسیپلینی لەنێو تیپەکەدا سەپاندووە و لە هیچ کەسێک قبوڵ ناکات لە یاساکانی دەربچێت، تەنانەت ئەگەر یاریزانی ژمارە یەکی یانەکەش بێت.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، لە یەکەم بەریەککەوتندا، یامال سەرپێچی یاساکانی کردووە و فلیک لێی قبوڵ نەکردووە.
 
مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، روونیکردووەتەوە، فلیک بۆ ماوەی چەند رۆژێکە لە دوو قۆناخدا، لە بەیانیان و پاشنیوەڕۆدا، مەشق و راهێنان بە یاریزانەکانی دەکات، بەڵام لە یەکێک لەو راهێنانانەدا لامین یامال ئامادە نەبووە؛ ئەمەش لەلایەن فلیکەوە قبوڵ نەکراوە و لەبەردەم هاوڕێکانیدا سەرزەنشتی کردووە و تەنانەت هەڕەشەسی لێکردووە و بەسەریدا هاوار کردووە.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، فلیک هەمان رەفتاری لەگەڵ یامال دووبارە کردووەتەوە، لەبەر ئەوەی جارێکی دیکە، پێش مەشق و راهێنانەکان ئامادەنەبووە، کە راهێنەرەکە داوایکردبوو هەمووان ئامادەبن، چونکە دەیویست قسە بۆ یاریزانەکانی بکات.
 
یامال ئێستا پەیوەندی بە کەمپی هەڵبژاردەی ئیسپانیاوە کرد، دوای کۆتاییهاتنی پشووی نێودەوڵەتیش پەیوەندی بە مەشقەکانی بارسێلۆناوە دەکاتەوە، کە بەقسەی ئەوانەی نزیکن لە فلیک، ئەگەر بۆ جاری سێیەم سەرپێچی بکاتەوە، بەدڵنیاییەوە ئەمجارە لەلایەن راهێنەرە ئەڵمانییەکەوە سزا دەدرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە