رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ ئێوارە یارییەکانی جامی عێراق بەڕێوەدەچن، یانەی هەولێر لە قۆناخی شازدەی پاڵەوانێتییەکەدا و لە بەهێزترین یارییدا بەرامبەر یانەی شورتە یارییدەکات، یانەی زاخۆ رووبەڕووی نەفتی وەسەت دەبێتەوە.
یاریی هەولێر و شورتە کاژێر 16:15 لەسەر یاریگەی فرانسۆ هەریری لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، یانەکە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەشێوەی جیاواز داوا لە هاندەرانی دەکات بۆ ئەم یارییە لە یاریگە ئامادەبن بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر بردنەوەی یارییەکە بکەن و بگەنە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
لە ریزەکانی یانەی هەولێر، شێرکۆ کەریم بەهۆی یارییکردنی بۆ هەڵبژاردەی عێراق لە جامی عەرەبیدا ئامادەنابێت، فرانکۆ ئوتچۆ، یاریزانی توگۆیی بەهۆی تووشبوونی بە کۆرۆنا نەگەڕاوەتەوە و بەشداری لە یارییەکەدا ناکات، بەڵام راهێنەری یانەکە هەریەکە لە عەبدولقادر ئەیوب و عەلی شاخەوانی بۆ تیپی یەکەم سەرخستووە، دوای ئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەی لاوانی عێراق، نازناوی جامی رۆژئاوای ئاسیایان بردەوە و هەردوو یاریزانەکەش ئامادەبن.
بەر لە یارییەکەی ئەمڕۆ ئەم دوو یاریزانەی هەولێر لەنێو یاریگەدا رێزیان لێدەگیرێت و خەڵات دەکرێن.
لەبەرامبەردا یانەی شورتە ماوەی چەند رۆژێکە لە هەولێر خۆی بۆ یارییەکە ئامادەدەکات، ئەم یانەیەش بەشێکی زۆری یاریزانەکانی بەهۆی یارییکردنیان بۆ عێراق لە جامی رۆژئاوای ئاسیا بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.
هەولێر و شورتە مێژوویەکی دوور و درێژیان بەرامبەر یەکدی هەیە، هەردوو یانە 45 یاریی فەرمیان ئەنجامداوە، هەولێر لە 10 یارییدا براوە بووە، شورتە خاوەنی 28 بردنەوەیە، 7 یاریی نێوانیشیان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
زانیارییەکانی تایبەت بە یاریی هەولێر و شورتە
لە یارییەکی دیکەدا کە کاژێر 18:30 لە کەربەلا بەڕێوەدەچێت، یانەی زاخۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا بەرامبەر یانەی نەفتی وەسەت یارییدەکات.
زاخۆ ئامادەکارییەکی زۆری بۆ ئەم یارییە کردووە و دوای پێشکێشکردنی ئاستێکی بەرز لە خولی عێراقدا، چاوی لەوەیە خۆی بگەینێتە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە، بەڵام ئەرکی ئاسان نابێت، لەکاتێکدا لە دەرەوەی یاریگە و هاندەرانی یارییدەکات.
هەردوو یانە هەشت یارییان بەرامبەر یەکدی ئەنجامداوە، نەفتی وەسەت خاوەنی دوو بردنەوەیە، زاخۆ تەنیا یەک یاریی بەرامبەر ئەو یانەیە لە 2015 بردووەتەوە و 5 یاریی نێوانیشیان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە، لە دوایین دوو یارییشدا هەردوو یانە بە 1-1 یەکسانبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ