ئاتالانتا کالیاریی گۆڵبارانکرد

04-10-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئاتالانتا
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئاتالانتا لەسەر گۆڵبارانکردنی یانەکان بەردەوامە، ئەمجارە یانەی کالیاری بووە قوربانی هێرشبەرانی یانەکەی بێرگامۆ.

ئاتالانتا لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی سێریا ئەی، لەنێو یاریگەی خۆی میوانداری کالیاریی کرد و یارییەکەی بە پێنج گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لێبردەوە.

لە خولەکی 7 لویس مۆریێل گۆڵی یەکەمی خاوەن یاریگەی تۆمارکرد، پاشان لە خولەکی 24 دیێگۆ گۆدین، یەکەم گۆڵی خۆی بۆ کالیاری تۆمارکرد و ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، بەڵام زۆری نەبرد لە خولەکی 29 ئەلیخاندرۆ گۆمێز ئاتالانتای کردە خاوەنی دوو گۆڵ.

لە خولەکی 37 ماریۆ پاسالیچ، گۆڵی سێیەمی بۆ ئاتالانتا تۆمارکرد، بەر لە کۆتاییهاتنی گێمی یەکەمیش گۆڵی چوارەم لەلایەن دۆڤان زاپاتاوە تۆمارکرا.

لە سەرەتای گێمی دووەمدا جواو پێدر گالڤاو گۆڵێکی دیکەی بۆ کالیاری تۆمارکرد، هیوای گەڕاندەوە بۆ ئەوەی رکابەری بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە بکەن، بەڵام لە خولەکی 81 سام لامەرز، گۆڵی پێنجەمی بۆ ئاتالانتا تۆمارکرد و یانەکە سێیەم یاریی لەسەریەکی بردەوە.

ئاتالانتا بەباشترین ئاستەوە دەستی بە رکابەرییەکانی خولەکە کردووە و سێ یارییە لەسەریەک 4 گۆڵ یان زیاتر تۆماردەکات، ئێستا یانەکە دوای سێ یارییدا 13 گۆڵی کردووە، 5 گۆڵی لێکراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە