کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە ریال مەدرید و بارسێلۆناوە ئەگەری هەیە تۆپی پێ بگۆڕێت

04-03-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بارسێلۆنا ریال مەدرید سوپەرلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەردوو یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنای ئیسپانی کۆبوونەوەیەکی نوێ و گرنگیان ئەنجامدا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆژەی سوپەرلیگ و پاڵپشتیی هەردوو یانە لەو پڕۆژەیە.
 
رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی و نزیک لە یانەی بارسێلۆنا دەڵێت " رۆژی پێنجشەممەی رابردوو چەند کاژێرێک بەر لە بەڕێوەچوونی یاریی کلاسیکۆی چوون، لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیا، هەردوو یانە کۆبوونەوەیەکی گرنگیان ئەنجامداوە."
 
سەرچاوەکە دەڵێت " خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید و چەندین بەرپرس و بەڕێوەبەری دیکە و پارێزەر لە هەردوو یانە بەشدارییان لەو کۆبوونەوەیەدا کردووە، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکان لەبارەی پڕۆژەی سوپەرلیگەوە."
 
بەپێی رۆژنامەکە لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئێستای پڕۆژەکە کراوە، هەروەها باس لەو ستراتیژییە کراوە کە لە داهاتوو چاوەڕواندەکرێت پەیڕەو بکرێت، لە هەمان کاتدا چاوەڕوانیی دادگای باڵای یەکێتیی ئەوروپا دوای ئەوەی سکاڵا لە دژی پاڵەوانێتییەکە تۆمارکرا، کە چاوەڕواندەکرێت لەم مانگەدا یان سەرەتای مانگی داهاتوو بڕیاری لەبارەوە بدرێت.
 
ئەندامانی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی سوپەرلیگ دڵنیان لەوەی کە دادپەروەریی ئەوروپا رێگەیان پێدەدات پڕۆژەکەیان لە داهاتووییەکی نزیکدا ئەنجامبدەن، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپاش کۆتایی بە دژایەتیکردنەکەی دەهێنێت و رێگری لەوانە ناکات کە ئارەزوو دەکەن بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا بکەن.
 
هەرچەند رۆژنامەکە ئاماژەی بەو بابەتە نەکردووە، بەڵام ئەگەری هەیە لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال مەدرید گفتوگۆیان لەبارەی پرسی پێدانی پارە بە ناوبژیوانان لەلایەن یانە کەتەلۆنییەکەوە کردبێت، کە تاوەکو ئێستا ریال مەدرید لەو بارەیەوە بێدەنگیی هەڵبژاردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە