رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی پۆرتوگالی، قسەی زۆری لەبارەی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی کردووە، دەڵێ ئەو دڵخۆشییەکی زۆر بەهاندەرانی ئەو یانەیە دەبەخشێت.
رۆناڵدۆ قسەی بۆ میدیای ئیسپانی کردووە، دەڵێ، "من هەمووکات زۆر رکابەرانە کارمکردووە. منداڵبووم و دەگریام کاتێک بدۆڕامایە، هەمووان بەمنیان دەگوت، گرینۆک".
ئەو ئەستێرە پۆرتوگالییە تەمەن 39 ساڵانە، پەیامێکی بۆ هاندەرانی ریال مەدرید، یانەکەی پێشووتری خۆی ناردووە و دەڵێ، "ئاگاداری ئێمباپێ بن... ئاگاتان لێی بێت. لە هاندەرانی ریال مەدریدی دووپاتدەکەمەوە، ئاگاتان لە کیلیان بێت".
هەروەها دەڵێ، "ئێمباپێ یاریزانێکی نایابە، ریال مەدرید دەبێت ئەو بپارێزێت و هاوکاری بێت. هیچ گومانم لەوە نییە کە ئەو دڵخۆشیی زۆر بەهاندەرانی یانەکەی دەبەخشێت".
هەروەها دەڵێ، "ئێمباپێم زۆر خۆشدەوێت، نەک تەنیا لەبەرئەوەی بەمنداڵیی چیرۆکی سەرسامبوون بەکریستیانۆ رۆناڵدۆی هەبوو و منی بەنموونی باڵای خۆی دانابوو، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەو لە راستیدا یاریزانێکی نایابە و زۆر هاوکاریی ریال مەدرید دەکات".
لە وەڵامی پرسیارێکدا، لەبارەی ئایا تاوەکو ئێستا تەماشای یارییەکانی ریال مەدرید دەکات، کریستیانۆ دەڵێ، "ناوە ناوە یارییەکان دەبینم، چونکە ماتیۆی کوڕم زۆر سەرسامە بە ئێمباپێ".
رۆناڵدۆ باسی لە شوێنی یارییکردنی ئێمباپێ لە پێکهاتەکەی کارلۆ ئەنچیلۆتیدا کردووە و دەڵێ، "یارییکردن وەک هێرشبەری سەرەڕم هەندێک زەحمەتیی بۆ دروستدەکات، لەبەرئەوەی بەڕای من ئەو ناتوانێ لەو شوێنەدا یاریی بکات، نەک لەبەرئەوەی ناتوانێت، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەوە شوێنی سرووشتیی یارییکردنی ئەو نییە".
کریس هەروەها دەڵێ، "ئەگەر لە ریال مەدرید بوومایە، فێرم دەکرد چۆن ببێتە هێرشبەری سەرەڕم. خەڵک لەبیریان نییە کە منیش لەسەرەتادا لە باڵ یارییمدەکرد، بەڵام دواتر خۆم راهێنا لە یاریکردن وەک هێرشبەری سەرەڕم".
ئەو زیاتر گوتویەتی، "کیلیان نابێ هێرشبەرێکی کلاسیکی بێت. ئەگەر لە جێگەی ئەو بوومایە، بەهەمان ئەو شێوازە یارییمدەکرد کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریی پێدەکرد".
ئێمباپێ، پاش سەرەتایەکی خراپ لەگەڵ ریال مەدرید، لە چەند یاریی رابردوودا درەوشایەوە و یەکەمین هاتریکی خۆی بەدرێسی ریال مەدریدەوە تۆمارکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ