ژمارە 44 سەرئێشەی بۆ ئەڵمانیا دروستکردووە

02-04-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یۆرۆی 2024 هەڵبژاردەی ئەڵمانیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا و کۆمپانیای ئەدیداسی بەرهەمهێنەری جلوبەرگی وەرزشی، رایانگەیاند گۆڕانکاریی لە دیزانینی ژمارە 4 ی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەکەن، بەهۆی ترس لە لێکچوونی دیزاینی ژمارە 44ی سەر درێسی هەڵبژاردەکە، لەگەڵ یەکێک لە لۆگۆکانی بەکارهێنراو لەلایەن یەکە نازییەکانی ناسراو بە 'ئێس ئێس'.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا، لە بڵاوکراوەیەکدا ئاشکرایکردووە، پشکنین بۆ ژمارەکانی سفر تاوەکو 9 دەکەن و پاشان لە ژمارەکانی 1 تاوەکو 26 بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا (یۆفا) دەنێرن بۆ پێداچوونەوە.
 
ئۆلیڤەر برۆگن، یەکێک لە گوتەبێژانی کۆمپانیای ئەدیداسی ئەڵمانی ئاشکرایکردووە، "بەزووترین کات ژمارە 44 لادەبەین، چونکە لە کۆمپانیاکەی ئێمەدا خەڵکانی لەدایکبووی زیاتر لە 100 دەوڵەت کاردەکەن. کۆمپانیاکەمان پشتگیری لە فرەڕەنگی و گشتگیریی دەکات و وەک خۆمان، هەڵمەتێکی چالاکانە لە دژی رقلێبوونەوەی بیانییەکان و دژەجوویەتی و تووندوتیژی و رق بەرپا دەکەین".
 
ئەو گوتەبێژە زیاتر دەڵێ، "هەر هەوڵێک بۆ بازاڕکردن بۆ هەڵوێستی سیاسی، بەشێک نییە لە بەهاکانی ئێمە وەک کۆمپانیایەکی خاوەن براندی بازرگانی و بەتووندی هەر ئاماژەیەک بۆ ئەوەی ئەو نیازە بداتە پاڵ ئێمە رەتدەکەینەوە. کۆمپانیاکەمان بەرگری لە پتەوکردنی فرەیی و گشتگیری دەکات".
 
لەدوای بڵاوبوونەوەی وێنەی ژمارەکانی سەر درێسی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا کە بۆ یۆرۆی 2024 خراونەتە بازاڕەوە، ژمارەیەکی بەرچاوی هاندەرانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، دڕدۆنگیی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەبارەی درێسی ژمارە 44 دەربڕی، کە تاڕادەیەکی زۆر بەبڕوای ئەوان، هاوشێوەی لۆگۆی سەر جلوبەرگی ئەفسەرانی هێزە تایبەتەکانی نازیەتە کە بە 'شوتزشافڵ' ناسرابوو لە کاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا.
 
بەپێی یاساکانی ئەڵمانیا، هەموو جۆرە رێکلامکردن و پڕوپاگەندەیەک بۆ نازیەت و هەر بابەتێکی دیکە کە پەیوەندی بەسەردەمی نازیەت لە ئەڵمانیا هەبێت، قەدەخەیە و یاسا سزای تووندی ئەو کەسانە دەدات کە پڕوپاگەندە بۆ بیرۆکەکانی نازییەت بکەن.
 
پێشتر، مایکڵ کۆنیگ، کە مێژوونووسی یونیسکۆیە و ئەڵمانییە، لە پەیامێکدا رایگەیاندبوو، "لەرووانگەی مێژووییەوە ناکرێ رێگە بە ئەڵمانیا بدرێت بەو جۆرە درێسەوە دەربکەوێت کاتێک میوانداریی یۆرۆ دەکات لەسەر خاکی خۆی".
 
هیچ یاریزانێکی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، لە کاتی یۆرۆدا، درێسی ژمارە 44 ناپۆشێت، بەڵکو درێسەکانی هەڵبژاردەکە لە ژمارە 1 تاوەکو 26 دەبن، بەڵام لە فرۆشیارییەکانی تایبەت بەفرۆشتنی درێسەکانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، لە ژمارە 1 تاوەکو 99 بەردەست دەبێت و هاندەران دەتوانن بیکڕنەوە.
 
پێشبینیکراوە دوای دەستکاریکردنی دیزاینەکە، درێسەکانی ژمارە 4 و 44 لە بازاڕەکاندا بفرۆشرێنەوە.
 
ئەو درێسەی ئەمجارە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەیپۆشێت، دوایین درێسی دروستکراوی هەڵبژاردەکەیە لەلایەن کۆمپانیای ئەدیداسەوە، چونکە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا رێکەوتنی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە پاش زیاتر لە پەنجا ساڵ هەڵوەشاندەوە و گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای نایکی ئەمریکی کردووە بۆ دروستکردن و دیزاینی درێسەکانی داهاتووی هەڵبژاردەکە.
 
هاوینی ئەمساڵ لە نێوان 14/6 تاوەکو 14/7 ئەڵمانیا لە دە یاریگەی جیاوازدا، رکابەرییەکانی یۆرۆی 2024 رێکدەخات و 24 هەڵبژاردە بەشداریی لە پاڵەوانێتییەکەدا دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە