رووداو دیجیتاڵ
پشتڕاستکراوەتەوە کە کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی، کاپتنی یانەی نەسڕی سعودیە، بەشداری لە یاریی داهاتووی تیپەکەی بەرامبەر ئیستقلالی ئێرانی ناکات. یانەی نەسڕ هیچ زانیارییەکی سەبارەت بە هۆکاری ئامادەنەبوونی کریس لەو یارییەدا ئاشکرا نەکردووە، بەڵام رۆژنامەکانی سعودیە دەڵێن "رۆناڵدۆ تووشی پێکان بووە".
سبەی دووشەممە، لە یاریی چوونی قۆناخی شانزدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیای بژاردە، یانەی نەسڕ دەبێتە میوانی ئیستقلالی ئێران و رۆناڵذۆ ئامادەنەبێت.
یانەی نەسڕ دوای ئەوەی بەکۆکردنەوەی 17 خاڵ پلەی سێیەمی ریزبەندیی کۆمەڵەی رۆژئاوای چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیای بەدەستهێنا، سەرکەوت بۆ قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکە.
میدیاکانی سعودیە ئامادەنەبوونی رۆناڵدۆ لە ریزەکانی تیپەکەی لە یارییەکەی ئیستقلال کە لە ئێران بەڕێوەدەچێت ئاشکراکرد.
ئەو سەرچاوانە ئاماژە بۆ ئەوەی دەکەن کە بەئەگەری زۆرەوە سادیۆ مانێی سەنیگالی بەشداری لە یارییەکەدا دەکات، دوای ئەوەی لە دوایین یارییدا بەرامبەر عرووبە لە خولی سعودیەدا بەهۆی پێکانەوە بەشداری نەکرد.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن "کریستیانۆ رۆناڵدۆ، عەلی لاجامی و عەبدولڕەحمان غەریب بەشداری لەم یارییەدا ناکەن، کە ئەمەی دوایی بەهۆی ئەوەیە کە هەستی بە هەندێک ئازار لە ماسوولکەکانی دەکات".
ئەمە لەکاتێکدایە کە تاوەکو ئێستا یانەی نەسڕ بەفەرمی ئامادەنەبوونی رۆناڵدۆی لە گەشتەکەی بۆ ئێران بۆ ئەنجامدانی یارییەکەی ئیستقلال رانەگەیاندووە، هاوکات راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەستێرەی تەمەن 40 ساڵانی پۆرتوگالی تووشی پێکان بووە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەشداری لە تەواوی یارییەکەی بەرامبەر عرووبە کرد لە گەڕی بیست و سێی خولی سعودیەدا، کە رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی بەئەنجامی 1-2 دۆڕان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ