ئێنریکی کۆتایی بە مشتومڕەکە هێنا

02-03-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لویس ئێنریکی کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لویس ئێنریکی، راهێنەری ئیسپانیی یانەی پاریس سانجێرمان، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەیان بەرامبەر مۆناکۆ، کە بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گۆڕانکاریکردن بە کیلیان ئێمباپێ، دووپاتیکردەوە کە خۆی راهێنەرە و ئەوەی پێیباشە بۆ تیپەکەی دەیکات.
 
لە گەڕی 24ـی خولی فەرەنسادا، پاریس سانجێرمان بووە میوانی مۆناکۆ و یارییەکە بەبێ گۆڵ کۆتاییهات، کە دوای تەواوبوونی نیوەی یەکەم، لویس ئێنریکی گۆڕانکاری بە ئێمباپێ کرد، ئەویش نەگەڕایەوە سەر کورسییەکانی یەدەگی یانەکەی و راستەوخۆ چووە لای دایکی لەسەر پەیژەکانی یاریگە.
 
راهێنەرە ئیسپانییەکە لە سەرەتای گێمی دووەمدا بڕیاریدا بۆ سێیەم یاریی لەسەریەک گۆڕانکاری بە ئێمباپێ بکات و کۆلۆ موانێی هاوڕێی لە شوێنی چووە نێو یاریگە.
 
لە دوای یارییەکە رۆژنامەڤانان ئەو پرسیارەیان لە ئێنریکی کرد و لە وەڵامدا گوتی "درەنگ بێت یان زوو کیلیان دەڕوات و دەبێت بەبێ کیلیان یاری بکەین، دەبێت خۆمان لەگەڵ ئەوەدا رابێنین، من تەنیا ئەوە دەکەم کە لە بەرژەوەندی تیپەکەمدا بێت، ئەم بابەتە بەتەواوەتی جێی مشتومڕ نییە و ئەمە بڕیاری منە، لەوانەیە هەڵە بم یان راست بم لەم بڕیارەمدا".
 
لویس هەروەها دووپاتیکردەوە "ئەو بڕیارە دەدەم کە پێموایە باشترینە بۆ تیپەکەم، چونکە دوای ئەم وەرزە لەگەڵ ئێمە یاری ناکات، دەبێت لەگەڵ ئەوەدا خۆمان رابێنین".
 
ئێنریکی زیاتر گوتی "من ماوەیەکی زۆرە لە جیهانی تۆپی پێدام، هەموو شتێک لەم جۆرە یارییەدا گرنگە".
 
کیلیان ئێمباپێ کارگێڕیی یانەی پاریس سانجێرمانی ئاگادارکردووەتەوە کە ئامادە نییە گرێبەستەکەی بۆ وەرزێکی دیکە درێژبکاتەوە، و بڕیاریداوە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا یاریگای پارک دی پرێنس جێبهێڵێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەواڵەکان باس لە گواستنەوەی دەکەن بۆ ریزەکانی یانەی یال مەدریدی ئیسپانی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە