دوای شکستەکان، لە پشت دەرگا داخراوەکانی سیتییەوە چی روویدا

01-12-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی مانچێستەر سیتی پێپ گواردیۆلا پرێمەرلیگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەو دۆخە خراپەی پێپ گواردیۆلای راهێنەری مانچێستەر سیتی تێدا بینرا، دوای یەکسانبوونی تیپەکەی بەرامبەر فاینۆردی هۆڵەندی لە چامپیۆنزلیگ، دەریخست ئەو راهێنەرە بەئەزموونە، چەندە بەدەست کێشەکانی تیپەکەیەوە پەرێشانە.
 
سیتی ئەمڕۆ یارییەکی گرنگ و چارەنووسساز بەرامبەر لیڤەرپوول لە پرێمەرلیگ ئەنجامدەدات. یارییەکە پاش زنجیرەیەک ئەنجامی پێشبینینەکراو بۆ یانەکە دێن، کە سیتییان لە ئاسمانەوە هێنایەوە سەر زەوی.
 
پێپ دوای یەکسانبوونە دراماتیکییەکەی فاینۆرد، بەکۆمەڵێک برینەوە لەسەر سەری دەرکەوت، ئەو گوتی، خۆم ئازاری خۆممدا. ئەوکات دەرکەوت، خۆشحاڵیی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ دوو ساڵی داهاتوو، چەندە لە خۆشییەکانی نێو مێشکی ئەو راهێنەرەی بردووە.
 
'هەفتەی جەهەننەم' ناونیشانی راپۆرتێکی رۆژنامەی 'دەیلی مەیل'ی بەریتانییە لەبارەی رووداوەکانی پشتی پەردەی تیپەکەی فەیلەسووف، کە تێیدا بۆ شەشەم یاریی لەسەریەک، تامی بردنەوەی نەکرد.
 
سەرەتای شکستەکانی سیتی، بەدۆڕان بەرامبەر تۆتێنهام، پاشان بۆرنمۆس، دواتر سپۆرتینگ لیسبۆنا دەستیان پێکرد. پێپ دوو هەفتە پشووی نێودەوڵەتی هەبوو، بۆ رێکخستنەوەی کارتەکانی سەر مێزەکەی، تاوەکو پاڵەوانی ئینگلتەرا بگەڕێتەوە سەر رێچکە راستەکە.
 
وەک رۆژنامەکە دەڵێ، دوای شکستەکەی بۆرنمۆس، پێپ کۆبوونەوەیەکی درێژەی لەگەڵ یاریزانەکانی کرد، بەپێچەوانەی کۆبوونەوە کورتەکانی سەردەمی ئارامیی تیپەکە.
 
پیاوە سەر رووتاوەکە، لەبەردەم یاریزانەکانیدا وەستا و بەڕاشکاوانە باسی ئاستی خراپی ئەوانیکرد، لە کاتێکدا ئەو پێشتر هەردەم پەسنی تواناکانی ئەوانی دەدا و بیریدەخستنەوە کە ئەوان لە رابردوودا چییان بەدەستهێناوە.
 
پێپ ئەوەی قبووڵە کە ژمارەیەکی زۆری یاریزانەکانی دووچاری پێکانبوون، یان لە پێکان گەڕاونەتەوە و ئاستی خۆیان بەدەستنەهێناوەتەوە.
 
سیتی کێشەی لە چۆنێتی دەستپێکردنی یاریدا نییە، بەڵکو کێشەی لە کۆتایی پێهێنانیدایە، ئەوەش لە لەدەستدانی هەلەکان و لەرزۆکیی بەرگریی تیپەکە لە بەرامبەر هێرشە هەڵگەڕاوەکاندا پوخت دەبێتەوە.
 
رەخنەگرتن بەدەنگی بەرز
 
گواردیۆلا هانی یاریزانەکانی دەدات تاوەکو خۆیان لە خۆیان بپرسنەوە، بەوەش راستیی گوێگرتن لە دەنگی بەرزی هەندێک یاریزانی ناڕازی لە دۆخی تیپەکە، جێگەی ئومێدە بۆ داهاتوو.
 
بەشێوەیەکی گشتی، جۆرێک لە بێئومێدی باڵی بەسەر دۆخی یانەکەدا کێشاوە. ئیلکای گۆندوگان، لە دوای یارییەکە دانیبەوەدانا کە دۆڕان بە دووگۆڵی بێبەرامبەر زۆر باشتربوو لەوەی بەرامبەر فاینۆرد روویدا.
 
ئەوەی لە یارییەکەدا روویدا، دراماتیکی و شۆکهێنەربوو. تاوەکو خولەکی 75 سیتی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە پێش بوو، بەڵام سێ گۆڵی بەسەریەکەوە لێکرا و بەزەحمەت لە شکست رزگاری بوو.
 
ئێستا سیتی و سەرکەوتنی راستەوخۆی بۆ قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ، پەیوەندی بەوەوە هەیە بەرامبەر یوڤێنتوس و پاریس سانجێرمان لە دەرەوەی یاریگەی خۆی، چیدەکات.
 
کایل واکەر، کیڤن دیبرۆین، رۆبین دیاز، بێرناردۆ سێلڤا و گۆندوگان گوتیان ئێستا کاتی گونجاو نییە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە ژێر ناوی کۆبوونەوەی تەنگژە.
 
نادال وەک نموونە
 
رافایێل نادالی ئەفسانەی وازهێناوی تێنسی ئیسپانی، لەسەردانێکدا کە پێشتر پلانی بۆ دانرابوو، دوای یارییەکەی فاینۆرد چووە سیتی. سەردانی ئەو ئەفسانەیە هەلێکی باشبوو بۆ پێپ، تاوەکو بیری یاریزانەکانی بهێنێتەوە کە پاڵەوانە مەزنەکان، ناتوانن تاوەکو سەر لە باڵادەستبوون بەسەر گۆڕەپانەکەدا بەردەوام بن.
 
هاندەرەکان پەیامی جیاواز بۆ تیپەکە دەنێرن، هەندێک دەنووسن "ناتوانم باوەڕ بەوە بکەم کە روودەدات". هەندێکی دیکە دەڵێن، "ئەمە شێتییە".
 
پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن کە سیتی ناچارە بچێتە نێو بازاڕی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان، تاوەکو قەرەبووی رۆدری بکاتەوە، بەربژێری سەرەکیش بۆ بەئامانجکردنی لەلایەن یانەکەوە، مارتن زوبیمێندی، ناوەڕاستکاری ریال سۆسیێداد و ئیدێرسنی یاریزانی ئاتاڵانتای ئیتاڵی و ئادەم وارتۆن، یاریزانی کریستاڵ پاڵاسن.
 
سیتی دەبێ لەگەڵ دۆخە ئاوارتەکەی خۆیدا پەنجە نەرم بکات، تاوەکو ئەو هەشت یارییە ئەنجام بدات کە دەکەونە پێش کردنەوەی دەرگای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان.
 
تیپەکە بەر لە گواستنەوەی زستانە، بەرامبەر لیڤەرپوول، مانچێستەر یونایتد و ئاستۆن ڤێلا یارییدەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە