رووداو دیجیتاڵ
ئەگەرچی هەمووان سوورن لەسەرئەوەی بە 'دوایین سەما' ناوی ببەن و پەردە لەسەر شانۆی رکابەرییەکی تووندی چەند ساڵەی نێوان دوو لە باشترین راهێنەرەکانی دە ساڵی رابردووی مێژووی تۆپی پێ دابدەنەوە، بەڵام دەکرێ لە شوێنێکی دیکە و پاڵەوانێتییەکی دیکەی دوور لە پرێمەرلیگ، ئەو دوواین سەمایە، جارێکی دیکە یۆرگن کلۆپ و پێپ گواردیۆلا کۆبکاتەوە.
بەیەکگەیشتنی ئەمشەوی نێوان لیڤەرپوول و مانچێستەر سیتی، لە هەفتەی بیست و هەشتی پرێمەرلیگدا، جارێکی دیکە دوو سەرسەختترین و داهێنەرترین راهێنەری خولەکە دەباتەوە نێو گۆڕەپانی ململانێیەک، کە لە ساڵی 2016ەوە لە پرێمەرلیگ هەڵایساوە و پێشتریش لە ئەڵمانیادا تاوی سەندبوو.
ئەگەر لە دوای چوونی پێپ گواردیۆلاوە بۆ سیتی، ئەو راهێنەرە باشترین تیپی لە ئینگلتەرا دروستکردبێت و کۆنترۆڵی نازناوە نێوخۆییەکانی کردبێت و لەو نێوانەشدا، پێنج نازناوی پرێمەرلیگی بردبێتەوە، تاکە تیپ زنجیرەی نازناو بردنەوەکانی خولی ئینگلتەرای لە سیتی وەرگرتبێت، لیڤەرپوول بووە کە یۆرگن کلۆپ راهێنەرێتی.
کڵۆپ، ئەگەرچی زووتر روویکردە پرێمەرلیگ، بەڵام دەبوو داهێنەری فەلسەفەیەکی نوێ بێت، بۆ ئەوەی بەر بەهەژموونی باڵادەستبوون و مۆنۆپۆڵکردنی خولەکەوە بگرێت لەلایەن مانچێستەر سیتی و پێپ گواردیۆلاوە و ئەو راهێنەرە، پاشئەوەی ستایلی یارییکردن و گوشاری بەرز و بەردەوامی سیتی و پێپ هەمووانی لە پرێمەرلیگدا ماندووکرد، هات و بەفەلسەفەی رووبەڕوو، گوشار بەرامبەر گوشار و هێرش بەرامبەر هێرش، ئەلفوبێی راگرتنی مانچێستەر سیتی دامەزراند و ئەوەش وایکرد، لیڤەرپوول یەکێک بێت لەسەختترین ئەو تیپانەی، مانچێستەر سیتی بەدرێژایی ساڵانی رابردوو، رووبەڕووی بووەتەوە.
بەریەککەوتنی پێپ گواردیۆلا و یۆرگن کلۆپ، مێژووەکەی لە بەریەککەوتنیان لە پرێمەرلیگ، دێرینترە، سەرەتاکانی بۆ بۆندێلسیگا دەگەڕێتەوە، ئەوکاتانەی کلۆپ لە دۆرتمۆند و گواردیۆلاش لە بایرن میونشن، هەوڵی باڵادەستبوونیان بەسەر ئەڵمانیا و ئەوروپادا دەدا و ئیدی و پاش ساڵانێک لە بەردەوامبوون لەوێ، جەنگەکە گواسترایەوە پرێمەرلیگ.
ئەگەر سەماکەی ئەمشەو، دوایین سەمای نێوان ئەو دوو راهێنەرە مەزنەی تۆپی پێ بێت، بێگومان ئیدی لە ساڵانی داهاتوودا پرێمەرلیگ بەشێک لە درەوشانەوە و سەرنجڕاکێشییەکەی خۆی لەدەستدەدات و هەمووان بیری راهێنەرێک دەکەن، وەک پێپ فەلسەفییانە و وەک ئەو شێتانە بەدوای داهێنان لە تۆپی پێدا بگەڕێت و هەوڵبدات نازناوەکانی لە ژێر چنگ دەربهێنێت و بیان بات بۆخۆی.
لە دوا وەرزی کارکردنی کلۆپدا لە پرێمەرلیگ، هەمووان تاسەی ئەو رۆژە مێژووییانە دەکەن کە ململانێ سەختەکەی نێوان ئەو دوو راهێنەرە، ئاستێکی دیکەی لە تووندی و رکابەریی و رێز پێشانی هەموواندا و چێژی زیاتریشی بە پرێمەرلیگ بەخشی.
دوژمنایەتی نییە و ململانێیە
یۆرگن کلۆپ، کە دوای ساڵانێکی بەرچاو لەو ململانێیە لەگەڵ پێپدا، وەرزی داهاتوو گۆڕەپانەکە بۆ ئەو راهێنەرە ئیسپانییە چۆڵدەکات، نایەوێت پەیوەندی نێوان خۆی و گواردیۆلا بە دوژمنایەتی ناوببات، ئەو دەڵێ، ئەوە ململانێیە.
کلۆپ بەر لە یارییەکە رەتیدەکاتەوە، ئەوەی ئەمشەو لە ئانفێلد روودەدات، چارەنووسی نازناوی ئەمساڵی خولەکە یەکلابکاتەوە، ئەو گوتویەتی، "یەکلاکردنەوەی ململانێ لەسەر نازناوەکە؟ نازانم کێ ئەم بابەتەی هێناوەتە ئاراوە، پێموایە کاتەکە زووە بۆ قسەکردن بەو شێوەیە. ئەگەر پێداچوونەوە بە هەموو سیناریۆ جیاوازەکاندا بکەین، پێموایە دوای هەر یارییەک، دەبێ کەسێک بێت و ئاهەنگ بگێڕێت. بەڵام خۆ هێشتا هیچ رووینداوە. تەنیا سێ خاڵی دیکە بەدەستهاتوون. ئەمە رکابەرییەکی زۆر بەهێز و باوەڕپێنەکراوە. ئێمە ویستی خۆمان بۆ بردنەوەی یارییەکە ناشارینەوە، بەڵام دەشزانین بردنەوەی یارییەکە چەندە قورسە".
لەبارەی پەیوەندی خۆی و پێپەوە گوتوویەتی، "پێموانییە دوژمنایەتی لە نێوان من و پێپدا هەبێت. دەزانم هەندێک بابەتەکە بەو شێوەیە ناودەبەن، بەڵام ئێمە دوژمنایەتی لە نێوانماندا نییە. هەردووکمان حەزمان لە رکابەرییە، هەردووکمان بردنەوەی یارییەکانمان دەوێت، هەردووکیشمان بەختەوەرین بەبوونی یاریزانی زۆر باش لە تیپەکەنماندا".
رۆیشتنی کلۆپ رکابەرییەکە سووک ناکات
پێپ گواردیۆلا، پێشتر توگویەتی بوونی کلۆپ لەبەرامبەریدا، هەستی رکابەری و ویستی داهێنانی زیاتر پەرە پێداوە، ئەو پێیوایە کلۆپ هێندە شەیدای تۆپی پێیە، هەرزوو لە شوێنێکی دیکە دەستبەهەمان کار دەکاتەوە.
پێپ دەڵێ، "رێز لە بڕیاری رۆیشتنی یۆرگن کلۆپ دەگرم، پێشتر قسەم لەگەڵدا کردووە و هەستدەکەم زووبێت یان درەنگ ئەو دەگەڕێتەوە سەر کار. ئەو تۆپی پێی خۆشدەوێت و هێشتا ویستی ئەنجامدانی ئەو کارەی هەیە. ئەو بڕیاری خۆی بۆ رۆیشتن روونکردەوە، پێموایە ئەمە دوایین بەریەککەوتنمان دەبێت لە پرێمەرلیگدا، بەڵام هێشتا جامی یەکێتیی ئینگلتەرا ماوە و دەکرێ لەوێ جارێکیدیکە رووبەڕووی یەکدی ببینەوە".
گواردیۆلا لەبارەی رکابەرییەکانی وەرزی داهاتوەوە، دەڵێ،" پێموانییە بەهۆی رۆیشتنی کلۆپەوە وەرزی داهاتوو ئەرکمان ئاسانتر بێت. لیڤەرپوول هەر لیڤەرپوولە، هاوشێوەی ئارسیناڵ. لیڤەرپوول پێویستی بە نەوەت خولەک هەیە بۆ بردنەوەی یارییەکانی و ئێمەش هەمان شتمان پێویستە، لە کاتێکدا ئارسیناڵ بە 25 خولەک یارییەکە یەکلادەکاتەوە. لەبەرئەوە ئەوان هەر لە رکابەریدا دەمێننەوە وەک زۆر تیپی دیکە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ