پێشمەرگەی هەولێر و هەندرێن یاری لوتکە ئەنجامدەدەن

01-12-2021
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن خولی نایابی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە گەڕی نۆیەمی خولی یانە نایابەکان کوردستان کاژێر 14:00 پێنج یاری ئەنجامدەدرێن، لە یاری لوتکەدا یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە پیرمام میوانداری یانەی هەندرێن دەکات.
 
وا چاوەڕواندەکرێت بەیەکگەیشتنی پێشمەرگەی هەولێر و هەندرێن یارییەکی بەهێز و پڕ لە رکابەری بێت، لەبەرئەوەی هەندرێن لە وەرزی ئەمساڵدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و هیوای بردنەوەی نازناوەکەی هەیە، پێشمەرگەی هەولێریش هەمان هیوای هەیە و دەیەوێت شەڕی کۆکردنەوەی خاڵەکان بکات.
 
دڵشاد مەعروف، راهێنەری یانەی هەندرێن لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ئامادەکارییەکی زۆر باشمان ئەنجامداوە، پێموایە تیپەکەم دەتوانێت 3 خاڵی یارییەکە بباتەوە، لەبەرئەوەی مۆڕاڵی یاریزانان بە پاڵپشتی دەستەی کارگێڕیی یانەکەمان بەرزە". 
 
لە شاری سلێمانی یانەی نەورۆز لەگەڵ یانەی سەیدسادق یاریدەکات، لە پایتەختی کوردستانیش برایەتی میوانداری شێروانە دەکات.
 
یانەی دەربەندیخان لەنێو هاندەرانی رکابەری یانەی چەمچەماڵ دەکات، یانەی سۆران دوای گۆڕینی راهێنەرەکەی ململانێی یانەی دهۆک دەکات و هیوای ئاشتکردنەوەی دڵی هاندەرانیەتی. 
 
یارییەکانی وەرزی ئەمساڵی خولی یانە نایابەکانی کوردستان بە بەشداری 16 یانەیە و یارییەکان بەشێوازی خول بە دوو قۆناخ بەڕێوەدەچن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە