گۆڕەشار، گۆڕەوشاری نەتەوەیەک

18-08-2024
مەحموود نەجمەدین
A+ A-
 
راستە رۆمان دەقێکی ئەدەبییە و بارگاوییە بە خەیاڵ و ئەندێشەی نووسەر، ئەمما بە جۆرێکی دیکە وێناکردنی دنیای راستەقینەیە و لە دووتوێی ھونەری گێڕانەوەدا تۆمارێکی دیکەی کەتوارە بە جۆرێکی دیکە نیشتمانێک چێ دەبێت، کە گوزارشتە لەو دۆخەی نووسەر تێیدا دەژی. هەر وەکو لەم رۆمانەدا سەید قادر هیدایەتی لە رێگەی چیرۆکی ئازادەوە وێنەی ئێرانێک نیشان دەدات سیخناخە لە ئاریشەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی... وڵاتێک لە وەهمی زلهێزبووندا گەلەکەی گیرۆدەی کۆمەڵێک ئاریشە کردووە. گۆڕەشار لە ریزی ئەو رۆمانانەیە وێنای سەرزەمینێکە ئینکەبەری لەگەڵ مەرگدا دەکات. ئەم رۆمانە چیرۆکی مەملەکەتێکی وێرانە لە زاری پەرت و پچڕپچڕی کارەکتەرێکەوە خوێنەر دەباتە نێو حیکایەتێکی تاڵ و پڕ لە گاشە و ئاریشەوە.
 
بەرلەوەی بچمە سەر باسی ناوەڕۆکی ئەم رۆمانە، دەمەوێت باس لەناونیشانەکەی بکەم، کە نووسەر زۆر ژیرانە ھەڵیبژاردووە. خوێنەر ئەگەر وریا نەبێ لەگەڵ گۆڕەوشار دا لێی تێکەڵ دەبێ؟ گۆڕەوشار بە واتای عەزابی نێو گۆڕ دێ. ئەمما گوڕەشار مانایەکی دیکە دەدات، شار وەک گۆڕستانێکی گەورە و تاریک، شار وەک گۆڕ ناونیشانێکە ھەرخۆی ناونیشانی رۆمانەکە پەیامێکی گەورەی ھەڵگرتووە، ئەم رۆمانە لە ناونیشانەوە پێماندەڵێت شوێنی لەدایکبوونی ئەم رۆمانە وڵاتێکی وێران و برسی و ھیلاکە، بە دەست سیاسییەکانییەوە بووە بە گۆڕ، گۆڕ ئەو شوێنەیە نە نانی لێیە، نە ئاو، نە رووناکی... بۆیە نووسەر ناوێکی بۆ رۆمانەکەی داناوە پڕ بە پێستی ئەو دۆخە خراپەیە.
 
گۆڕەشار چیرۆكی تاریكخانەیەكە لە زەینی كارەکتەرێکەوە پەخش دەكرێ. هاوشێوەی ئەو تاریکخانەیەی تێیدا دەژی. ئەم رۆمانە دەچێتە خانەی رۆمانی سیاسییەوە و رەوتی گێڕانەوە چیرۆکی ئێرانێکە سیاسەت و ئابووری داڕوخاو ورد و وێرانی کردووە. کارەکتەری سەرەکی گەنجێکی بەدبەختی کوردە، نوێنەری نەتەوەیەکی هیلاک و ماندووە، نەتەوەیەک چەندین سەدەیە هاوار دەکات و کەس بەفریای ناکەوێت.
 
گۆڕەشار یەکێکە لە رۆمانەکانی سەید قادر هیدایەتی، لە بڵاوکراوەکانی چاپەمەنی خانییە. نووسەر لە دوای رۆمانی گابۆڕ و تۆقی عەزازیل شێوازێكی دیكەی رۆمانووسینی تاقی كردووەتەوە. گۆڕەشار بەشێوەی تاكبێژی دەروونی "مەنەلۆگ" نووسراوە. ئەم شێوازە لە گێڕانەوە باشترین هێڵی نووسینە بۆ ئەو وڵاتانەی سیستەمی سیاسییان تووندە و پێنووس ناتوانێ بەشێوەیەکی راستەوخۆ قسە لەسەر کاولکارییەکانی ئەو سیستەمانە بکات، هێندە تووند و تۆقێنەرە ماوڵ نادا بنیادەم بە ئارەزووی خۆی قسەی دڵی بکات. بۆیە لە مەنەلۆگدا نووسەر بە ئارەزووی خۆی پێچ و دەوران بە گێڕانەوە دەکات و ژیرانە نووکی تیژی پێنووسەکەی دەکەوێتە جووڵە.
 
وەگێڕی رۆمانی گۆڕەشار كەسی یەكەمی تاكە، كەسێكی هیلاكە، ماندووە، نەخۆشە، نەخۆشییەكەی پەیوەندی بە گورچیلەوە هەیە. ئەم كەسایەتییە كە لەم رۆمانەدا رۆڵی سەرەكی هەیە، لە راستیدا كەسێكی ئاساییە، بەڵام ئەوەی وای كردووە كەسایەتی ئازاد تووشی دۆخی دەروونی بێت، ئەو سیستەمە سیاسی و كۆمەڵایەتییەیە. راستە ئەم كارەکتەرە گەنجێكی کوردە زمانی دەیگرێ و بە باشی ناتوانێ قسە بكات، بەڵام نەخۆشخانە، قۆتابخانە… هەموو ئەو شوێنانە هۆكارن بۆ ئازاردانی دەروونی ئەو کارەکتەرە. شەڕی ئەم سەدەیە، شەڕی پارە و بازرگانی و دەرمانە، بۆ نموونە دوور نەڕۆین پەیدابوونی نەخۆشی كۆرۆنا كە بەڕادەیەك گەورەكرا زۆر لە خەڵكی وای بۆ دەچوون بەلانی كەمەوە ملیارێك قوربانی لێدەكەوێتەوە، بەڵام دوایی وردە وردە یارییەكان ئاشكرابوون و نەخۆشییەكە بازرگانەكانی دەرمان و كۆمپانیاكان گەورەیان كرد.
 
ئازاد مرۆڤێكی زیرەكە، گوێ لە گۆرانی دەگرێ، سەیری فیلم دەكات، بەڵام ئەوەتانێ گیرۆدەی دەردێكە دەردی ئەو نییە، كەوتووەتە نێو سیستەمێكەوە دەیهاڕێ. قوتابخانە، نەخۆشخانە، بازاڕ… نوێنەری ئەو سیستمە سەرمایەدارییە بەرێوەی دەبەن، كە مرۆڤەكانی گیرۆدە كردووە. وەک پێشتر گوتم کارەکتەری ئەم رۆمانە زمانی دەیگرێ، ئەمەش بۆ شێوازی گێڕانەوەی مەنەلۆگ گونجاوە. خۆ لە دنیای کەتواریشدا خولیاقەتی ئەو دەوڵەتە دیکتاتۆرانە ترس و بیم یان لاڵیان دەکات یان لاڵەپەت و زمانشکاو هەرگیز ناتوانن قسەی دڵی خۆیان بکەن. هاوشێوەی ئەم كارەکتەرەی لەم رۆمانەدا وێنا كراوە، ئەهڵی خوێندنەوە و فیلمە و بەردەوام لەگەڵ مۆبایلەكەیدا سەرقاڵی گوێگرتنە لە گۆرانی و ناوە ناوە گۆرانییەكان دێنە نێو رەوتی گێڕانەوەوە. ئازاد كارەكتەری سەرەكی و گێڕەرەوە هیتفۆنی لە گوێدایە و لە دنیای خۆیدایە، لە رێگای مۆبایلەكەیەوە جارە جارە گۆرانی و پەیامی تلێگرام دێنە ناو رۆمانەكەوە، كە بەشێك لەو پەیامانە پەیوەستن بە وێرانە خاكی گەمارۆدراوی برسییەوە، نووسەر لە رێگەی كورتە پەیامەكانی تلیگرامەوە جۆرێك لەو كێشە و رووداوانەی ئێران پەخش دەكاتەوە، ئەمەش وا دەکات گۆڕەشار ببێت بە زمانحاڵی سەردەمەکەی خۆی. هەروەها لە دووتوێی چیرۆكی ئازادەوە گەلێك چیرۆك و رووداوی بچووك بەیان دەكرێ، ئەمەش شارەزایی و سەلیقەی نووسەرمان نیشاندەدات، چۆن گێڕانەوە دەست دەگۆڕێ، وەك دەبینین لەسەرەتا تا كۆتایی رۆمانەكە لەو رستە كورتانەوە چۆن گێڕانەوە دابەش دەبێ، گۆشەنیگا لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەڕوات، ئەمە زۆرجار بۆ ئەوەی جۆرێك لە لوغز و پەنهان دروست بكات، لەنیوەی یەكەمی رستەیەكدا پەیامێك دەگات بەخوێنەر و لەنیوەی رستەی دووەمدا بە گۆڕینی گۆشەنیگا پەیامێكی دیكە و بابەتێكی دیكە دێتە ئاراوە.
 
لە هەر مەملەكەتێك و لەهەر شوێنێكی ئەم دنیایە سیستەمی حوكمڕانی وەختێ‌ ئازادییەكان بەرتەسك دەكاتەوە مەنەلۆگ دێتە پێشێ و بە یارییەكانی پەیامی خۆی دەگەیەنێ. هەندێك جار لە مەنەلۆگدا وشەیەك نەك ئەوەندەی رستەیەك بگرە ئەوەندی چەند رستەیەك لە شەرحیات مانا هەڵدەگرێ. گۆڕەشار سەرلەبەر بەو شێوازە دەڕوات، گێڕەوە بەردەوام دەست دەگۆڕێ، گۆشەنیگا دەگۆڕێ، بۆ نموونە لە گۆڕەشاردا هاتووە "سێ ژەمە حەبەكانت دە ئەرێ دەیانخۆم." ل11  یان لە لاپەڕە 20 دا هاتووە" ناسرگیان خودا دەكا ئەو كوڕەم چاك دەبێتەوە جا ماشێن چییە هەر زوو زوو لەسەر دیوارەكەوە باز دەداتە خوارێ ئەو سێبەرە ڕەشە." سەرلەبەر رۆمانەكە پڕن لەم جۆرە نموونانە كە جووڵە و وەرسووڕانی گۆشەنیگای كەسەكانە و لە یەك رستەی كورتدا دوو جووڵە، یان دوو بابەت باس دەكات. ئەم شێوازە لە نووسین وای كردووە گێڕانەوە سەرلەبەر رستەی كورت و پچڕ پچڕ و ئاتەران و پاتەرانە. ئەمەش مەرجی سەرەكی شێوەی گێڕانەوەی مەنەلۆگە، كە بە كەسی یەكەم دەگێڕدرێتەوە، دەبێ شێوازی گێڕانەوە ناڕێك و پەرت بێت، تاوەکو لە دووتوێی ئەو پەرتییە وێنای مەملەکەتێکی پەرت و وێران بکات. تەنانەت لە هەندێك شوێندا گێڕەوە وشە بە هەڵە بەكار دەهێنێ. لە مەنەلۆگدا گێڕەوە دەبێ بەجۆرێك بگێڕێتەوە کە ئاخاوتن نەیەتە سەر زار، واتە قسەی ناخ، یان زەینە و نایەتە سەر زمان، جۆرێكە لە خۆخواردنەوە. نابێ هەست بەوە بكرێ ئەو كارەكتەرە بۆ كەسێك قسان دەكات، بەڵكە بۆخۆی و لە ناخی خۆیدا هەڵیت و پەڵیت دەڵێ. سەیدقادریش مەعلومە شارەزای ئەو بوارەیە سەركەوتنی بەدەستهێناوە و هەر بەو شێوازە كارەكەی كردووە. ئازاد ئەگەرچی كەسێكە لە رووی جەستەییەوە نەخۆشە و ناتەواوە و زمانیشی دەیگرێ، بەڵام كەسایەتییەكی زیرەك و سەرەكییە و بە ئارەزووی خۆی دەگێڕێتەوە و لە دنیای خۆیدایە بەشێویەكی پەرت و لوغزاوی دەرگای ئەو ژوورانە دەكاتەوە كە پڕن لە چیرۆكی تاڵی نەتەوەیەکی خنکێندراو.
 
كارەكتەر
 
كارەكتەری سەرەكی ئەم ڕۆمانە بكوژ و ببڕ خۆیەتی، ئەو دنیایەی لە زەینی خۆیدا خەڵقی كردووە و وەك پاڵەوانێك دێ و دەچێ، لەپاڵ ئەودا چەند كەسایەتییەك هەیە، كۆی ئەو كارەكتەرانە لە پەراوێزی ئازاد، کارەکتەری سەرەکیدان.
 
تێما
 
ئەگەر بەدیوێكدا گۆڕەشار چیرۆكی كەسێكی نەخۆشە و بەدەست نەخۆشی گورچیلەوە دەناڵێنێ، بە دیوێكدا چیرۆكی وڵاتێكە بەدەم سەد دەردەوە دەناڵێنێ. چیرۆكی یارییە ترسناكەكانی  سەرمایەدارییە. كە مرۆڤ بەرەو دۆخی شێتبوون و سەرلێشێوان و شپرزەیی دەبات. لە رابردوودا لەسەرانسەری جیهاندا ئەو یارییە بێ مانا و ترسێنەرە بە ناوی پەتای كۆرۆناوە مرۆڤایەتی تووشی چ دۆخێك كرد!. بەجۆرێك خەڵكی زیڕەی مەرگی كردبوو، لێ وردە وردە یارییەكە كۆتاییهات و ئەوەی روونە سەرمایەداری و بازاڕی دەرمان و داهێنەری ئەم گەمەیە قازانجێكی خەیاڵی كرد و ئاكامەكەشی بە قەیرانی دارایی شكایەوە، ئەویش یارییەكی دیكەی ئەو بازاڕە رەشەیە و جۆرێكی دیكەیە لە كۆرۆنا بەتایبەت بۆ ئەو وڵاتانەی لەسەر نەوت دەژین.
 
لە گۆڕەشاریشدا دیمەنی قێزەونی ئەم یارییە دەبینین، ئەوەی لە پشتی ئەم رستە كورت و هەڵیت و پەڵیتانەوەیە كە ئازاد دەیگێڕێتەوە فیكرێكی گەورەیە، یاخیبوونە، میحنەتە، عەزابە، تەحریمی سیاسەت، ئازارەكانی گەلێكی بەشمەینەتی دیلە، كێشەی برسێتی و نەبوونی، كێشەی گرانی و هەژاری، ئیعدام و هەڵواسین و سەروخواركردنی دۆلار، بازاڕی گورچیلە، وەكو لە رۆمانەكەدا ئاماژەی پێكراوە كە فرۆشیاری گورچیلە ز‌ورترە لە كڕیار. كێشەی كوردبوون و بەدبەختییەكانی وەك لە رۆمانەكەدا هاتووە ئەمریكا لێی بدات یانا چی لە دۆخی كورد دەگۆڕێ. ئەرێ لە عیراق دوای سەدام چی لە دۆخی كورد گۆڕا؟ یارییەكە قورستربوو، دوژمنەكان زۆرتربوون، پەشێوییەكان زیاتر بوون. خەمی ئێمە گەورەتربوو. هەر لەم رۆمانەدا كێشەی عەفرین و كەركووك لەو رستە كورتانەدا رەنگدانەوەی هەیە، وەختێ لە توێی گێڕانەوەدا دەڵێ كەركووك، عەفرین ئەوەندە بەسە تۆی خوێنەر ئەگەر شارەزا بیت بەم شێوازە لە گێڕانەوە دەزانی مەغزای ناوهێنانی ئەو دوو شوێنە چییە. دنیایەك قسە لە توێی ئەو رستە كورتەدا هەیە، چیرۆكێكی تاڵ هەیە كە زۆردار پێمان دەڵێ بەخۆشی بێت و بە ناخۆشی بێت لەسەر خاكی خۆت دەرتدەكەم، ئەمە تەفسیرێكە و تەفسیری دووەم ئەوەیە کەرکووک فرۆشرا و عەفرین بەرگریی کرد... بیانووی رادەستکردنی کەرکووک ئەوەبوو شەڕەکە نابەرانبەرە و شارەکە وێران دەبێ و قوربانی زۆری لێدەکەوێتەوە، بەڵام رادەستکردن ئاکامەکەی شکانی شکۆی نەتەوەیەک بوو. چما جەزایر لەپێناوی چی یەک ملیۆن شەهیدی دا؟
 
لە جێیەكی دیكەی رۆمانەكەدا دیمەنی مەردایەتی و شەهامەتەكەی بایدەمیرە، كە نووسەر وەك خۆی باسی ڤیدیۆكە دەكات، كاتێ بایدەمیر ‌دەیەوێت بە هەموو پەرلەمانی تورکیا بڵێ ئەوە نەخشەی كوردستانە، بەڵام لە توركیای داگیرکەردا یاسایەك هەیە هەر كەس باسی نەخشەیەكی جیاواز بكات لە نەخشەی توركیا بە تۆمەتی بەشكردنی وڵات قوڕی بەسەردا دەکرێ، ئیدی بایدەمیر ژیرانە نەخشەكە داباتەوە نێو دڵی خۆی، ئێمە بەدرێژایی مێژوو كێشەی ئەو نەخشەیەمان هەیە و هەزاران هەزار قوربانیمان بۆ داوە. ئەو دەستوورەش دوژمن بۆ خۆی دایڕشتووە و خاڵی یەكەمی نەخشەیە. نەخشەیەك ئێمە تێیدا كۆیلەین. تەواوی ئەو دەوڵەتانەی داگیركەرن و ماڵی خەڵكیان داگیركردووە بە داگیركەرانی كوردیشەوە خاڵی یەكەمی دەستووری دەوڵەتە داگیركەرەكەیان پیرۆزی نەخشەی داگیركارییەکەیانە. ئیدی بایدەمیر لەپێناوی ئەوەی لە پەرلەماندا بمێنێتەوە و درێژە بەخەبات بدات، ناچارە ژیرانە ئەو نەخشەیە بباتەوە نێو دڵی هەموو مرۆڤێكی كورد، ئەوە پەیامێكیشە بۆ توركەكان کە بەدەركردنی دڵی هەموو كورد دەتوانن كۆتایی بەو ترسە بهێنن کە لە دڵیاندایە. هەر میللەتێ خاكەكەی داگیربكرێ دڵی داگیر دەكرێ. گەلێك گرفتی گەورەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و نەتەوایەتی لە پشتی ئەو قسانەوەن، كە ئازاد لە زەینی خۆیدا بەو شێوە پەرتەوازەییە دەیانڵێتەوە. ئازاد وێنەیەكی دیكەی بایدەمیرە، ئەوەی بایدەمیر لەنێو پەرلەمانی تورکاندا گوتی مەنەلۆگێكی سیاسی بوو. كە دەبوو هەر بەوجۆرە دەریببڕێت.
 
بەڵێ مەنەلۆگ ئەگەر بەجۆرێك لە جۆرەكان زمانی هەڵیت و پەڵیت و ترس و بیم و شاردنەوەی راستییەكی نكۆڵیلێكراو بێ، لە هەمان كاتدا ئازادییە، كارەكتەری رۆمان و چیرۆكی مەنەلۆگ زۆر ئازادانە پەی بە هەموو ئەو دەرد و میحنەتانە دەبات و بەو شێوە رەمزییەی خۆی، کە تەنیا خۆی بە تەواوەتی لێی حاڵی دەبێ و دەزانی چی گوتووە و چی دەوێت. دەشێ گەلێك خەڵكی شارەزا بێن شیكاری بۆ قسەكانی ئازاد بكەن، بەڵام لە كۆتاییدا ئەوانە هەموو بۆچوونن، دیوی راستەقینەی چیرۆكەكە لای ئازاد و خالقی چیرۆكەكەی ئازادە. ئەمەش خاڵی سەركەوتووی رۆمانی گۆڕەشارە، كە زیاتر لە تەفسیرێك هەڵدەگرێت.
 
زمان
 
زمانی ئەم رۆمانە، زمانی كەسێكە وەك لە كۆمەڵگادا بە راوێژی میللی پێی دەگوترێ لاڵەپەتە، واتە كەسێكی كەمئەندامە، ناتوانێ بە باشی قسە بکات و زمانی دەیگرێ، لە ز‌ور شوێندا وشەكان بە هەڵە گۆدەكرێ، هەندێك جار هەمیشە دەبێ بە حەمیشە، خۆشە دەبێ بە خۆسە… ئەمەش لە مەنەلۆگدا گونجاوە، زۆر لەو تێكستانەی بە مەنەلۆگ نووسراون گێڕەوە زۆرجار وشەی بەهەڵە بەكارهێناوە، لە باشوور لە ئەزموونی لەتیف حامیدی جوانەمەرگدا ئەوە بەدی دەكرا، كە بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا و هەر دوانزە چیرۆكی لە پاش بەجێما. كەسایەتی ئازاد كە لە دۆخێكی ناخۆش و خراپدایە وادەخوازێ كە وشەكان تێكەل و پێكەڵ بێ و هەندێكجار دووبارەبوونەوەی رستەكان، ئەوەش هەر لە مەنەلۆگدا دروستە. بە گشتی زمان لەم رۆمانەدا كوردییەكی پوخت و پاراو و جوانە، بەڵام لەو شوێنانەی پێویست دەكات زمان بە گوێرەی ئاستی كارەكتەرەكە بێت، زمانێكی میللەیە و بەو شێوازەی كە شوێن و زادگەی پاڵەوانە راوێژ دەكرێ، بۆ نموونە هەندێك وشە بە جۆرێك گۆ دەكرێ لە موكریان باوە، وەك "ماڵتە، جەحەندم…" كە ئەمەش دروستە و نووسەر سەركەوتووبووە لەم دەربڕینەدا، چون بەگوێرەی ئاستی كارەكتەرەكە زمانی گێڕانەوە كاری خۆی دەكات.
 
فەزا
 
فەزای ئەم رۆمانە ئەوەی دەبینرێ كەشی نەخۆشخانە و دەردی كوشندەی گورچیلەیە، ناوە ناوە گێڕانەوە شوێن دەگۆڕێ، دەچێتە قوتابخانە و… چیرۆكی قوتابخانە و چۆنێتی هەڵسوكەوتی مامۆستا و خوێندكار و… ئەو گرفتانە، بەڵام ئەوەی بە چاوی دڵ دەبینرێ فەزای رۆمانەكە ئەوە نییە، بەڵكە فەزایەكی سەخت و ناهەمواری وڵاتێكە بەدەست دەردێك نا سەد دەردەوە دەناڵێنێ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە