سه‌رۆك له‌ وێنه‌ گه‌وره‌كه‌دا

06-05-2024
ئاریان فەرەج
A+ A-
 
زۆر جار ئێمه‌ خۆمان قه‌درى خۆمان و ئه‌وه‌ى هه‌مانه‌ وه‌ك پێويست نازانين و ناگرين، جا ئیدی هۆكاره‌كه‌ خۆخۆرى و دانبه‌يه‌كدانه‌نان بێت يان خۆبه‌كه‌مزانى و خودلاوازى، ده‌نا له‌ راستيدا هه‌ين و قه‌دريشمان هه‌يه‌ و كاره‌كته‌رى زۆر به‌قه‌در و به‌هاداريشمان هه‌ن.
   
بۆ نموونه‌ سه‌رنج بده‌نه‌ سیاسەتڤانێکی خۆماڵیی وه‌ك نێچيرڤان بارزانى كه‌ روو له ‌هه‌ر كوێ ده‌كات، به ‌ئه‌ندازه‌يه‌ك رێز له‌ روانگه‌ و دنيابينى و كاريزما و كه‌سايه‌تييه‌كه‌ى ده‌گرن كه‌ پێناچێ له‌ هه‌رێمێكى بچووك و ناده‌وڵه‌ته‌وه‌ به‌ڵكو به‌ نوێنه‌رايه‌تى و سه‌رۆكايه‌تيى وڵاتێكى كاريگه‌ر و به‌ هه‌ژموونه‌وه‌ رووى تێكردبن. بۆ هه‌ر كار و داوا و ئامانجێكيش بچێت، كه‌ساتيه‌تييه‌ به‌ قه‌در و قبووڵكراو و خۆشه‌ويست و متمانه‌داره‌كه‌ى، كاره‌كه‌ى ئاسان و مه‌يسه‌ر و داوا و ئامانجه‌كه‌ى له‌ قبووڵكردن نزيكده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌مه‌ پێداهه‌ڵگوتن و مه‌دح و سه‌نا نييه‌، ئه‌مه راستييه‌كه‌ و هه‌موو جارێك و دوايين جار له‌ سه‌ردانى ئه‌م دواييه‌ى بۆ به‌غدا و به‌ره‌و چاره‌سەرکردنی يه‌كجاريى كێشه‌كان ره‌نگيدايه‌وه‌ و له‌ سه‌ردانى ئێستاشيدا بۆ تاران و ئاستى به‌رزى پێشوازى له‌ خۆى و روانگه‌ ميانه‌ڕه‌وه‌ چاره‌سه‌رخوازه‌كه‌يدا، به‌ روونى به‌رجه‌سته‌ بووه‌.
 
ئێمه‌ له‌ هەرێمی کوردستان، تا ئه‌م دواييه‌ش، سه‌ربارى خۆخۆرى و ناكۆكيى نێوخۆييمان، به‌ئه‌ندازه‌يه‌ك (به‌ قه‌يران، هه‌ڕه‌شه‌، ته‌نگپێهه‌ڵچنين و له‌قاڵبدانى ناحه‌زانه‌) و (به‌ ره‌خنه‌، هۆشدارى، سه‌ركۆنه‌ و گازنده‌ى دۆستانه‌) ئابڵوقه‌درابووين، وا هه‌ست ده‌كرا له‌ پێكه‌وتووين و كۆتاييمانه‌. كه‌چى مانۆڕە‌ ديپلۆماسييه‌كان و بزاڤى چاره‌سه‌رخوازانه‌ و سه‌ردان و ديداره‌كانى چه‌ند هه‌فته‌ى رابردووى ئه‌م سياسه‌تڤانە‌، وه‌ك ده‌ڵێن سيحره‌كه‌ى به‌سه‌ر ساحيردا قڵپكرده‌وه‌ و، له‌ ماوه‌يه‌كى كه‌مدا هه‌موو ئاراسته‌كان له‌ نائومێدى و بێ جه‌دواييه‌وه‌ به‌ره‌و ئومێد و جه‌دوا و چاره‌سه‌ر وه‌رچه‌رخان.
 
به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌ و تاران كه‌ پێده‌چوو پێكه‌وه‌ ده‌ستيان له‌ بينمان گيركردبێ، دواى ئه‌و مانۆڕانه‌ به‌ ئه‌ندازه‌يه‌ك گۆڕان له‌ به‌غدا كارى جددى بۆ كۆتاییهێنان به‌ قه‌يران و چاره‌ى بنه‌ڕه‌تى كێشه‌كان، له‌ ئه‌نقه‌ره‌ گێڕانه‌وه‌ى ئيعتبار بۆ هه‌ولێر وه‌ك پايته‌ختى عێراقێکی ديكه‌، له‌ تارانيش داڕشتنه‌وه‌ى تانوپۆى قۆناخێكى نوێ و (له‌ مووشه‌ك و درۆنه‌وه‌ بۆ هاوكارى و هاوبه‌شى و هاوسێيه‌تى) هاتنه‌ئاراوه‌.
 
ئه‌م روانگە و په‌يام و سياسه‌ته‌ قبووڵكراو و رێزلێگيراو و متمانه‌داره‌ى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌سه‌ر ئاستى عێراق و ناوچه‌كه‌ و ده‌ره‌وه‌، ده‌بوو و ده‌بێ له‌ ناوخۆدا زۆر له‌ ئێستا زياتر ده‌ستى پێوه‌ بگيرێ، پشتيوانى بكرێ، ئومێدى له‌سه‌ر هه‌ڵبچنرێ و به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن ببرێ، چونكه‌ له‌ كۆتاييدا خێر و قازانجى گه‌لى كوردستانى تێدايه‌ به‌ هه‌موو حیزب و لايه‌ن و پێكهاته‌كانيه‌وه‌. به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ هه‌ر كه‌م سه‌رنجدان و شەڕفرۆشتنێك به‌م روانگه‌ نيشتمانى و كۆكه‌ره‌وه‌ و مه‌قبووله‌، هه‌ر بچووككردنه‌وه‌يه‌كى مه‌به‌ست و  ئامانجه‌ كوردستانييه‌كانى بۆ ئاستى لێكدانه‌وه‌يه‌كى بچووكی حیزبى، جيا له‌وه‌ى غه‌درێكى گه‌وره‌يه‌، زۆريش بڕ ناكات. بۆ نموونه‌: 
 
له ‌سه‌رووبه‌ندى سه‌ردانى سه‌رۆك بۆ تاران، هه‌ندێ ناوه‌ندى ميديايى نووسييان: نێچيرڤان بارزانى به‌ ئه‌ركێكى حیزبى و بۆ به‌ديهێنانى خواست و داوايه‌كى حیزبه‌كه‌ى سه‌باره‌ت هه‌ڵبژاردن ده‌چێته‌ تاران! ئه‌م بانگەشەیە‌ هه‌ر هێنده‌ى بڕكرد تاوەکو سه‌رۆك به‌ ياوه‌ريى هه‌ردوو جێگره‌ به‌ڕێزه‌كه‌ى كه‌ دوو سه‌ركرده‌ى ديارى يه‌كێتى و گۆڕانن له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى ميهرابادى تاران دابه‌زى. ئاخر ئەگەر نێچيرڤان بارزانى بۆ ئه‌ركێكى حیزبى نه‌ك كوردستانى چووبێت، بۆچی حیزبه‌كانى ديكه‌ى له‌گه‌ڵدان؟
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عارف قوربانی

زریانى تەلئەڤیڤ

بە هەموو پێوەرێک ئەو زریانەى ناوچەکەى گرتووەتەوە، روودەکاتە عێراق و ئێرانیش. کوردیش وەک یەکێک لە کێشەکانى ناوچەکە مەحکومە بە لێکەوتەى رووداوەکان. شانبەشانى ئەو مەترسى و هەڕەشانەى رووی تێدەکەن، ئەگەرى رەخساندنى دەرفەتیشى زۆرە...