سەرۆکشارەوانیی مێردین 26 کارمەندی دیکەی لەکارلادا

01-01-2025
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین کە بە قەییوم دانراوە، 26 کارمەندی دیکەی شارەوانییەکەی دەرکرد.
 
وەزارەتی نێوخۆی تورکیا رۆژی 4-11-2024 ئەحمەد تورک، سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردینی لەکار لادا کە لەسەر لیستی دەم پارتی لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرابوو، لە شوێنەکەی تونجای ئاککۆیون، پارێزگاری مێردینی وەکو قەییوم دانا.
 
ئاککۆیون لەوەتەی بە قەییوم لەو پۆستە دانراوە تاوەکو ئەمڕۆ (چوارشەممە، 1-1-2025)، 124 کارمەندی شارەوانیی لەکارلاداوە. 
 
زۆربەی ئەوانەی لەکار لادراون، ساڵی 2016 لەکارلادرابوون، بەڵام دوای 31-3-2024 کاتێک دەم پارتی ئەو گەورەشارەوانییەی جارێکی دیکە بردەوە، لەڕێی دادگەوە مافی وەرگرتنەوە و گەڕاندنیەوە بۆ سەر کارەکانیان.
 
ئەمە لەکاتێکدایە شارەوانیی قەییومی ئێلیهـ، شەش کارمەند و، شارەوانیی قەییومی دێرسیمیش 9 کارمەندیان لەکارلاداوە.
 
قەییومی سەر شارەوانییەکانی باکووری کوردستان
 
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا سەرۆکشارەوانی لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن، بەڵام پارێزگار بە بڕیاری سەرۆککۆمار دادەنرێت. 
 
هەرچەندە کورد لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرترین شارەوانی لە باکووری کوردستان دەباتەوە، بەڵام حکومەت بە بیانووی بوونی پەیوەندی، پێدانی سەرچاوەی دارایی بە پەکەکە، لایاندەدات و کەسی دیکە لە شوێنەکانیان دادەنێت. ئەم لەکارلادان و دانانە بە 'قەییووم' ناودەبرێت.
 
حکومەتی تورکیا لە هەرسێ هەڵبژاردنی شارەوانیی 2014، 2019 و 2024 لە باکووری کوردستاندا قەییومی داناوە.
 
2014
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا، کە رۆژی 30-3-2014 بەڕێوەچوو، پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) ملیۆنێک و 767 هەزار و 296 دەنگی بەدەستهێنا و 4.23٪ی کۆی دەنگەکانی هێنا. بەدەپە 85 شارەوانیی بەدەستهێنا لەوانە 2 گەورەشارەوانیی، 8 شار، 51 قەزا و 24 ناحیە بوون، بەڵام حکومەتی تورکیا قەییومی بەسەر 37 شارەوانیی ئەو پارتەدا سەپاند. 
 
2019
 
له‌ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی رۆژی 31-3-2019 پارتی دیموکراتی گەلان (هه‌ده‌په)‌ 69 شاره‌وانیی به‌ده‌ستهێنا. 3 گه‌وره‌ شاره‌وانیی، 4 شار، 51 قەزا و 11 ناحیە. هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ 6 شاره‌وانیی به‌هۆی بڕیارنامه‌كانی باری نائاسایی، مۆڵه‌تی ده‌ستبه‌كاربوونیان پێنه‌درا و سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانییه‌كان درایه‌ به‌ربژێرانی ئاكپارتی. دواتریش 53 شاره‌وانیی هەدەپە قەییوم کران. به‌مه‌ش له‌ كۆی 69 شاره‌وانی ته‌نیا 16 شاره‌وانیی لەژێر دەستی هەدەپە مانەوە. 
 
2024
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا کە رۆژی 31-3-2024 بەڕێوەچوو، دەم پارتی 2 ملیۆن و 625 هەزار و 588 دەنگی هێنا کە 5.7٪ـی کۆی دەنگەکان بوو.
 
دەم پارتی 85 شارەوانیی بەدەستهێنا کە 3 گەورەشارەوانیی، 7 شار، 65 قەزا و 10 ناحیە بوون. تائێستا پێنج شارەوانیی دەم پارتی قەیومیان بۆ دانراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە