رووداو دیجیتاڵ
شاندی دەم پارتی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایانگەیاند، دیدارەکە "باش بوو و هیوامان هەیە."
هەریەک لە پەروین بوڵدان، سرری سورەییان ئۆندەر و ئەحمەد تورک وەکو شاندی دەم پارتی بۆ دیدارەکانی تایبەت بە پرسی کورد ئەمڕۆ پێنجشەممە 2-1-2025 کاژێر 1:30ی دوای نیوەڕۆ لەگەڵ نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە 50 خولەکی خایاند و شاندی دەم پارتی روونکردنەوەیەکی کورتی بە راگەیاندن دا.
سرری سورەییا ئۆندەر گوتی کۆبوونەوەکە زۆر باش بوو و لە کۆبوونەوەکەدا زانیارییان سەبارەت بە دیدارەکەی ئیمراڵی بە سەرۆکی پەرلەمان داوە و گوێیان لە پێشنیازەکانی سەرۆکی پەرلەمان گرتووە.
ئۆندەر هەروەها گوتی: "هەڵسەنگاندنێکی گشتیمان بۆ بابەتەکان کرد. دواتر لەگەڵ بەڕێز باخچەلی بەردەوام دەبین. لەوانەیە رۆژی دووشەممە لەگەڵ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، ئاکپارتی، بە گشتی لەگەڵ تەواوی نوێنەرەکانی پەرلەمان کۆدەبینەوە و بۆ ئەم مەبەستە کاتەکان دیاری دەکرێن. دوای هەموو ئەو سەردانانە وەکو شاند لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیدا روونکردنەوە دەدەین. هەر بۆیە ئێستا نایکەینە پرسیار و وەڵام".
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا هیواتان بە پرۆسەکە هەیە؟ سرری سورەییا ئۆندەر گوتی: "بێگومان هیوامان هەیە".
لەبارەی ئەگەری دیداری شاندەکەی دەم پارتی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا، ئۆندەر گوتی:"ئەمە قسەی لەسەر دەکرێت".
بەگوێرەی پلانەکانی دەم پارتی، دوای کۆبوونەوەکان، شاندەکەی دەم پارتی دووبارە سەردانی ئیمراڵی دەکاتەوە و دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سازدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ