ئیمامئۆغڵو: زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستی لەبارەی مردووانی کۆرۆنا جێی گومانە

29-04-2020
کۆسار عوسمان @KassoOsman
نیشانەکردن ئیمامئۆغڵو ئیستەنبووڵ
A+ A-
رووداو - هەولێر

سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبووڵ رایگەیاند، رێژەی مردن لە سنووری پارێزگاکەیدا لە سێ ساڵی رابردوودا لە 35% بەرزبووەتەوە و ئەو وردەکارییانەش کە بەدەستیان دەگات، جێی گومانن.

لەمیانی بەشداریکردنی لە پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیدا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبووڵ وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی رۆژەڤی وڵاتەکە دایەوە و لە بابەتی رێژەی مردن لە شارەکەدا گوتی: "لەم سێ ساڵەدا رێژەی مردن لە ئیستەنبووڵدا 35% بەرزبووەتەوە".
 
ئیمامئۆغڵو هەروەها رایگەیاند، لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی مردن نووسراویان ئاراستەی وەزارەتی تەندروستیی تورکیا و پارێزگای ئیستەنبووڵ کردووە. لەمبارەیەوە سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبووڵ گوتی: "بەهۆی ئەوەی تۆماری بەڕێوەبەرایەتیی گۆڕستانەکان کە سەر بە شارەوانییە بە لای ئێمەدا تێپەڕدەبێت، ئێمە رێژە و ژمارەکان دەزانین. ئەگەر زانیارییەک هەبێت ئێمە شۆک بکات، بێگومان لایەنەکان ئاگاداردەکەینەوە. هەموومان دەزانین بەپێی دوایین ئامارەکان رێژەی مردن بەرزبووەتەوە. بەڵام بەپێی ئەوەی رێژەکە بەرزتر بوو لەوەی هەیە نووسراومان بۆ وەزارەتی تەندروستیی تورکیا و پارێزگا نارد. ئێمە دەتوانین قسەی خۆمان لەبارەی ئامارەکان بکەین و ناکۆکییەکان بخەینەڕوو. بەڵام ئەمە لە سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبووڵ ناوەشێتەوە".
 
ئیمامئۆغڵو ئاماژەی بە بوونی تارمایی لە زانیاریی مردووانی شارەکە دا و گوتی: "زانیاریمان بۆ دەنێرن لەبارەی مردنی ئاسایی و مردن بەهۆی پەتاکە، بەڵام کە تەرمەکان دەنێرن هیچ ئاماژەیەکی دەستنیشانکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا نییە. ئێمە لەکاتێکدا کە هیچ نیشانەیەکی کۆرۆنا نابینین، ئەمە زانیاریی ناڕوونە و جێی گومانە. ئێمەش لەگەڵ شەفافیەتداین و دەبێت ئەمە رۆشن بکەینەوە".
 
لەکاتێکدا بەپێی ئامارەکان لە 65%ی تووشبووانی تورکیا لە ئیستەنبووڵدان، سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبووڵ ناڕەزایی نیشاندەدات لەوەی زانیارییەکان بە رێک و پێکی ناگەنە دەستیان، هەروەها دەڵێ، لەبەر ئەوەی دەستنیشانکردنی کۆرۆنا لەسەر تەرمەکان نییە و مردووانی ڤایرۆسەکە جیانەکراونەتەوە لە مردووانی ئاسایی، شارەوانی ناتوانێ راپۆرتی تایبەت بنووسێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە