رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی تورکیا داواکارییەکەی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پەسند کرد.
میدیای فەرمیی تورکیا، رۆژی هەینی، 27-12-2024، بڵاویکردەوە، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رەزامەندی سەبارەت بە دیداری شاندی دەم پارتی و ئۆجەلان نیشانداوە و بە گوێرەی کەشوهەوا، سبەی شەممە یان دوو سبەی یەکشەممە شاندەکە سەردانی ئیمرالی دەکات.
هەر لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دادی تورکیادا هاتووە، شاندەکە لە هەریەکە لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و سری سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ پێکدێت.
پێشهاتەکە لە کاتێکدایە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد و رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمیش هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد "بێتە پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت، تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە (پەکەکە) هەڵوەشێندراوەتەوە''.
باخچەلی رۆژی 26-11-2024یش لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتی: "چاوەڕێ دەکەین کۆبوونەوەی رووبەڕوو لە نێوان ئیمرالی و دەم پارتی بەبێ دواکەوتن بەڕێوەبچێت و بە بڕیارەوە بانگەوازەکەمان دووپات دەکەینەوە".
دوای ئەو پێشنیازەی باخچەلی، دەم پارتی هەمان رۆژ داواکاری بۆ دیدار لەگەڵ ئۆجەلان پێشکێشی وەزارەتی دادی تورکیا کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ