رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، ستەمی 61 ساڵەی خێزانی ئەسەد بە شۆڕشی گەلی سووریا کۆتاییهات؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''میوانداریی سێ ملیۆن و 600 هەزار پەنابەری سووریاییمان کرد''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی هەینی، 27-12-2024، بەشداری لە هەشتەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتەکەی لە پارێزگەی باڵکئەسیری تورکیا کرد و گوتارێکی پێشکێشکرد.
ئەردۆغان ئاماژەی بە رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد کرد و گوتی: ''گەلی سووریا لە رێگەی شۆڕشەوە کۆتایی بە قەیرانی مرۆیی 13 ساڵەی سووریا و ستەمی 61 ساڵەی رژێمی بەعس هێنا''.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا ژمارەیەک هەنگاوی لەبەرژەوەندی خۆی لەنێو سووریادا ناوە و گوتی: ''رێگربووین لەوەی رێکخراوە تیرۆریستییە دابەشکەرەکان، فەتۆییە خراپەکارەکان، ئەوانەی بوونەتە یاریی دەستی هێزە داگیرکەرەکان و چەندین لانەی دیکەی دووژمن، بە مەرامی خۆیان بگەن''.
ئەردۆغان گوتیشی، ''پشت بە خودا لە 2025ەوە، خۆمان لە هەر کێشەیەک رزگاردەکەین کە هەڕەشە بێت بۆ سەر یەکێتیی نەتەوەیی و یەکگرتووییمان، لە سەرووی هەموویانەوە پرسی تیرۆر. لەودیوی سنوورەکانی باشوورمان ئاسایش و سەقامگیریی بەرقەرار دەکەین و ئەو هەڕەشانەش کە لەوێوە سەرچاوە دەگرن، لەنێوی دەبەین''.
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لە پێگەی وڵاتەکەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردەوە و گوتی: ''هەموو جیهان دەزانن کە تورکیا تاکە وڵاتی یەکلاییکەرەوەیە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە''.
ئەردۆغان لەبارەی هاووڵاتییانی سووریا لەدوای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی ئەو وڵاتە لە ساڵی 2011دا گوتی: ''میوانداریی سێ ملیۆن و شەش سەد پەنابەری سووریاییمان کرد''.
08-12-2024 چەکدارانی دەستەی تەحریری شام و ژمارەیەک لە هێزی دیکەی نەیاری ئەسەد گەیشتنە دیمەشق، دوای ئەوەی حەلەب، حومس و حەمایان کۆنترۆڵکرد.
هێرشی ئەو گرووپانە بووە هۆی ئەوەی ئەسەد لە سووریاوە بەرەو رووسیا رابکات و دەسەڵاتی بنەماڵەکەی کۆتایی بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ