رووداو هەولێر
لەمیانی گوتارێکی لە ئەنتاڵیا، وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەو رێککەوتننامەیە کرد کە تورکیا لەگەڵ لیبیا واژۆیکردووە و هەنگاوەکەشی بە ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆسەر رۆژئاڤای کوردستان چواند.
مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، تورکیا لە چوارچێوەی یاساکان ئەم هەنگاوەی لەگەڵ لیبیا ناوە و لەبارەی کاردانەوەی یۆنان و وڵاتانی دیکە جەختیکردەوە کە ئامادەن لەگەڵ ئەوانیشدا هەمان هاوئاهەنگی ئەنجامبدەن.
چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوە کرد، بەو رێککەوتنەیان یاریی ئەو وڵاتانەیان هەرەسپێهێناوە کە دەیانویست تاکلایەنە کار لە بەرژەوەندیی قوبرسی یۆنانی بکەن و ئەو هەنگاوەی بە ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان چواند و گوتی "یەک بە یەک هەرەس بە یارییەکانیان دەهێنین، رێک وەک ئەو دەوڵەتە تیرۆرەی لەڕێی ئۆپەراسیۆنی کانیی ئاشتی تێکماندا''.
کۆتایی مانگی تشرینی دووەم تورکیا و حکومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا بە سەرۆکایەتی فایز سەڕاج رێککەوتنێکیان واژۆکرد، رێککەوتنەکە بووە هۆی ناڕەزایی وڵاتانی ئەوروپا و ژمارەیەک لە وڵاتە عەرەبییەکان، چەند رۆژێک بەر لە ئێستاش رێککەوتنێکی سەربازی لەنێوانیاندا واژۆکرا و ئەو رێککەوتنەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ