رووداو دیجیتاڵ
سێ رۆژە ناوچەی دەڕنە لە رۆژهەڵاتی لیبیا رووبەڕووی کارەساتێکی سرووشتی بووەتەوە و بەهۆیەوە، زیاتر لە دوو هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزارانی دیکەش بێسەروشوێن بوون.
دوای ئەوەی زریانی دانیێڵ بە تورکیا، بولگاریا و یۆناندا تێپەڕی، لیبیاشی گرتەوە و زۆرترین زیانی بە شاری دەڕنەی رۆژهەڵاتی وڵاتەکە گەیاند.
رزیانەکە باوبۆرانێکی زۆری دروستکرد و بووە هۆی ئەوەی دوو بەنداوی ناوچەکە دابڕمێن و بارودۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت، هەروەها ژیانی دەیان هەزار کەس کەوتە مەترسییەوە.
ئەحمەد میسماری، گوتەبێژی سوپای نیشتمانیی لیبیا رایگەیاند "بەنداوەکان لە باشووری دەڕنە داڕماون؛ رووخانی بەنداوی یەکەم و دووەم لە ناوچەی وادی دەڕنە بووە هۆی ئەوەی شەپۆلی ئاوەکە بڕژێتە نێو شاری دەڕنە؛ سێ پرد بە تەواوەتی رووخاون و ئاو بەنێو کۆڵانەکاندا بڵاوبووەتەوە، زریان هەندێک گەڕەکی بە خەڵکەکەیەوە لەگەڵ خۆیدا بردووە."
پڕۆسەی گەڕان و رزگارکردنی خەڵکی ناوچەکە بەردەوامە و تائێستا زیاتر لە دوو هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی ئەو کەسانەشی بێسەروشوێنن بە نزیکی شەش هەزار کەس خەمڵێندراوە، بەرپرسانیش ئاماژە بەوە دەکەن ژمارەکە بەخێرایی بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت.
جگە لە زیانە گیانییەکان، لافاوەکە زیانێکی زۆری مادیشی گەیاندووە، هەروەها چەندین وڵات لەنێویاندا، ئەمریکا، تورکیا، قەتەڕ، ئیمارات و میسر ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ ئەوەی هاوکاریی لیبیا بکەن.
ئەحمەد میسماری، گوتەبێژی سوپای نیشتمانیی لیبیا گوتیشی "تەنیا لە شاری دەڕنە، زیاتر لە هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە؛ هێشتا هەزاران کەسی دیکەش بێشەروشوێنن کە ژمارەیان لەنێوان پێنج بۆ شەش هەزار کەس دەبێت و ژمارەکەش بەشێوەیەکی خێرا بەرزدەبێتەوە".
حکومەتی یەکگرتووی نیشتمانیی لیبیا، کە ئەو ناوچەیەی لیبیای بەدەستەوەیە، سێ رۆژ ماتەمینی راگەیاندووە.
دەزگاکانی کەشوهەوا هۆشداری دەدەن لەوەی زریانەکە بەرەو میسر دەچێت و دەزگای کەشوهەوای میسریش داوای لە خەڵک کردووە لە ئەگەری گەیشتنی زریانەکە بە میسر، خۆیان بۆ هەموو ئەگەرێکی نەخوازراو ئامادەبکەن.
وێنەکان: AFP