خۆپێشاندەرانی ئەنقەرە بێڕێزی بە شێخ سەعیدی پیران دەكەن

28-03-2025
دیار سلێمان
 خۆپێشاندەران "داوای لەسێدارەدانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان" دەکەن.
خۆپێشاندەران "داوای لەسێدارەدانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان" دەکەن.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە دژی زیندانیکردنی سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، بەشێک لە خۆپێشاندەران لە ئەنقەرە پەیکەرێکی شێخ سەعیدی پیران دروست دەکەن و لە باڵەخانەیەکەوە شۆڕی دەکەنەوە خوارەوە، هاوکات داوای لە "سێدارەدانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان" دەکەن.
 
دەستبەسەرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ لە 19ی ئەم مانگە و زیندانیکردنی لە 23ی مانگ، ناڕەزایەتیی زۆری لە تورکیا لێکەوتەوە و لە چەند پارێزگەکەیەکی ئەو وڵاتە خۆپێشاندان کرا و گرژی لە نێوان هاووڵاتییان و هێزەکانی ئاسایش دروست بوو.
 
لە چوارچێوەی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان، بەشێک لە خۆپێشاندەران لە ئەنقەرە پەیکەرێکی شێخ سەعیدی پیرانیان دروست کرد و وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان لەسەر دا، دواتریش پەتێکیان لە ملی ئاڵاند و وەک ئاماژەیەک بۆ "لەسێدارەدان'' لە باڵاخانەیەکەوە شۆڕیان کردەوە خوارەوە.
 
بەشێک لە خۆپێساندەرەکان، درووشمی نەتەوەپەرستییان دەگوتەوە و تێیدا داوایان دەکرد، ''هەڵبکوترێتە سەر ئیمراڵی و ئاپۆ (ئۆجەلان) لەسێدارە بدرێت''.
 
ئەو درووشمانە لە دژی رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە کاتێکدان، لە یەکی تشرینی یەکەمی پارەوە هەنگاوێک لەبارەی کۆتاییهێنان بە شەڕ بە دەستپێشخەری دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە نراوە، حکومەتی تورکیا ئەم هەنگاوە بە ''کۆتاییهێنان بە تیرۆر'' و دەم پارتییش بە ''چارەسەرکردنی پرسی کورد'' ناوی دەبات.
 
رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رۆژی 27ـی شوباتی 2025 لە بانگەوازەکەیدا بۆ پەکەکە گوتی: "کۆنگرەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە''.
 
دوو رۆژ دواتر، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەرەبەیانی یەکی ئاداری 2025 رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبن، بەڵام دەبێت ئۆجەلان خۆی سەرپەرشتی کۆنگرەکە بکات.
 
شێخ سەعیدی پیران کێیە؟
 
شێخ سەعیدی پیران کەسایەتییەکی ناسراوی کوردە؛ ساڵی 1865 لە شاری خارپێتی باکووری کوردستان لەدایکبووە؛ لە 13ـی شوباتی 1925دا شۆڕشی دژی حكومەتی كۆماریی توركیا دەستپێکرد و ماوەیەک گەمارۆی ئامەدی دا و پێکدادان لەنێوان هێزەکەی و هێزی دەوڵەت دروستبوو. لە نیسانی هەمان ساڵدا شێخ سەعید و نزیکەی 30 هاوڕێی لەسەر پردی چەمی مۆراچ لە ناوچەی گەنج بەدیلگیران. شێخ سەعید و 47 هاوڕێی لە ئامەد لەسێدارەدران.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە