رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، دەیانەوێت سەرلەنوێ دەستووری وڵاتەکەیان بنووسرێتەوە. لەبارەی پەکەکەش دەڵێت، ''رێکخراوی تیرۆریستی 40 ساڵە بەربەستی بۆ پێشکەوتنی وڵاتمان دروستکردووە، پێویستە بە هەموو گرووپەکانیەوە چەک دابنێت''.
یڵماز تونج، وەزیری دادی تورکیا رۆژی پێنجشەممە، 27ـی ئاداری 2025 لە ئیستەنبووڵ گوتارێکی پێشکێشکرد و دواتریش سەبارەت بە چەند پرسێک وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە.
وەزیری دادی تورکیا ئاماژەی بەوە کر، ''هەر لەسەرەتاوە جەختمان لەوە کردووەتەوە، تورکیا پێویستی بە دەستوورێکی دیموکرات، مەدەنی و گشتگیرە. پێویستی بە دەستوورێکە، لەلایەن ئەندامانی پەرلەمان نووسرابێت و لەلایەن گەلیشەوە پەسند کرابێت''.
دەستووری ئێستای تورکیا کە ساڵی 1982 نووسراوەتەوە، 12 جار گۆڕانکاریی بەرفراوانی تێدا کراوە، بەڵام بەرپرسانی ئاکپارتی دەڵێن، ئەوە دەستوورێکە لە ئەنجامی کودەتاکەی ساڵی 1980 دروستبووە و بە رۆحێکی کودەتایی نووسراوەتەوە، هەر بۆیە پێویستە بگۆڕدرێت.
تونچ لەبارەی شەڕی وڵاتەکەی لەگەڵ پەکەکە گوتی، ''رێکخراوی تیرۆریستی، بەدرێژایی 40 ساڵ بووەتە بەربەست لە بەردەم پێشکەوتن و گەشەسەندنی وڵاتەکەمان، هاونیشتیمانییانی بە رەچەڵەک کوردی ئێمەی دووچاری کێشە کردوون و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران کەس. بۆیە پێویستە هەرچی زووە کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبووەشێنێتەوە و هەموو گرووپەکانیش چەک دابنێن''.
وەزیری دادی تورکیا جەختیکردەوە، وڵاتەکەی لە پرۆسەی چارەسەریدا بەدوای هیچ بەرژەوەندیێکەوە نییە، ''وڵاتێکمان دەوێت، تیرۆر و تووندوتیژی تێدا نەبێت. تورکیایەکی بێ تیرۆرمان دەوێت، ئەمە ئامانجی ئێمەیە''.
ئەو گوتانەی تونچ لە کاتێکدان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رۆژی 27ـی شوباتی 2025 لە بانگەوازەکەیدا بۆ پەکەکە گوتی: "کۆنگرەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."
دوو رۆژ دواتر، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەرەبەیانی یەکی ئاداری 2025 رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبن، بەڵام دەبێت ئۆجەلان خۆی سەرپەرشتی کۆنگرەکە بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ