رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لە ئاماژەیەکی بۆ دەم پارتی رایگەیاند، لەگەڵ هەموو کەسێک ئامادەین گفتوگۆ بکەین، بەڵام دەرگامان لەسەر تیرۆریستان و ئەوانەی لە ژێری فەرمانی تیرۆریستاندا سیاسەت دەکەن، داخراوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە 27ـی ئاداری 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی، لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە بڕیارە رۆژی 31ـی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، سەردانی ئامەدی باکووری کوردستان کرد و لە گۆڕەپانی ئیستاسیۆن گوتارێکی بۆ ئەندامان و لایەنگرانی پارتەکەی پێشکێش کرد.
لە دەسپێکی گوتارەکەیدا ئەردۆغان سڵاوی لە هاونیشتمانیانی بەشدار لە گردبوونەوە جەماوەرییەکە کرد و رایگەیاند "ئێوە پێشوازیتان لێکردین، منیش بە 'سەر سەر و سەر چاڤان' سڵاوتان لێدەکەم". و باسی لەوەکرد کە "سیاسەتکردن بۆ خزمەتکردنی گەل و هەڵبژاردنی رێگەی دیالۆگە بۆ هەر کێشەیەک. ئێمە لەگەڵ هەر کەسێکی خاوەن ویژدان و ئاکاری بەرز، گفتوگۆ دەکەین."
زیاتر گوتی "لەگەڵ هەموو ئەوانەی نەبوونەتە بووکەڵەی ئیمپریالیستەکان و ئەوانەشی خۆیان بەدوور دەگرن لە هەموو جۆرەکانی تیرۆر، گفتوگۆ دەکەین. لەگەڵ هەموو ئەوانەی رێز لە یەکێتیی گەلەکەمان و یەکپارچەیی نیشتمانەکەمان و ئاییندەی دەوڵەتەکەمان دەگرن، دادەنیشین و گفتوگۆ دەکەین. هەڵبەت لەگەڵ هەموو کەسێک ئامادەین گفتوگۆ بکەین، بەڵام دەرگامان لەسەر تیرۆریستان و ئەوانەی لە ژێری فەرمانی تیرۆریستاندا سیاسەت دەکەن، داخراوە."
هەروەها رایگەیاند "لە کاتێکدا زۆرینەی وڵاتانی دەوروبەرمان لە بازنەی خوێن و ئاگردا دەخولێنەوە، ئێمە هەرگیز رێگەمان بەو کەسانە نەداوە و نادەین کە هەوڵی تێکدانی ئاسایش و ئارامی و خۆشگوزەرانی و سەقامگیریمان دەدەن."
ئەردۆغان باسی لە بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە کرد و رایگەیاند "لەنێو سنوورەکانماندا پەکەکەمان پەلوپۆ کردووە، بەشێوەیەک توانای ئەنجامدانی کردەیان نییە. هەنگاو بە هەنگاویش لە دەرەوەی سنوورەکانیشمان کۆنترۆڵی دەکەین."
سەبارەت بە هاوپەیمانی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن (جەهەپە و دەم پارتی)، سەرۆکی ئاکپارتی رایگەیاند "لەژێر ناوی ئاشتەوایی شارەکاندا، هاوپەیمانییەکی چەپەڵیان پێکهێناوە. جگە لە مشتێک بازرگانی سیاسیی، هەردوو پارتەکە کەس نازانێت چی دەگوزەرێت." راشیگەیاند "دەم پارتی تاکە سەرمایەی دەنگی ئێوەیە. ئیرادەی برایانی کوردمانی خستووەتە بازاڕەوە بۆ فرۆشتن. دەنگەکانی ئێوەیان بەقسەی بێ بنەمای سیاسەتی دیموکراتی داگیرکرد و بە بەڵێنی ئەوەی لە ستەمی ئاغاکان، پاشاکان و دەرەبەگەکان و دەوڵەت رزگارتان بکەن."
داوایەکی لە کوردان کرد و رایگەیاند "چاوەڕوانیمان لە برا کوردەکانمان ئەوەیە لە دەوری یەکدی کۆببنەوە و بارمتەی سەر ئیرادەیان لەناوبەرن و خۆیان لە کۆت و بەندی ئەو کەسانە رزگار بکەن کە هەمیشە دەنگ و ئیرادەی ئێوەیان بە بارمتە گرتووە. ئەگەر کارێک دەکرێت بۆ ئاسوودەیی 85 ملیۆن کەس، ئەوا دەبێت هەر ئێستا بکرێت. بە درێژایی 40 ساڵ باجی تیرۆر بە تورکیا درا، چیدیکە قبووڵ ناکەین 40 ساڵی دیکەش ئەو باجە بدەین."
ئەردۆغان دیسان رووی دەمی کردە دەم پارتی و ئاماژەی بەوە کرد کە ناکرێت پارتێک هەبێت لیستی پەرلەمانتار و لیستی بەربژێرەکانی سەرۆک شارەوانی و لیستی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەکردایەتییان لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستییەوە (پەکەکە) دیاری بکرێت و رایگەیاند "بە دڵنیاییەوە بۆ بەتاڵکردنەوەی هەوڵەکانی ئەوانەی کە دەیانەوێت سیاسەتی قێزەونانە بە دەنگی برا کوردەکانمان بکەن، چاودێری دۆخەکە دەکەین".
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمانی تورکیا کرد لە ئامەد کە لە مانگی ئایاری 2023 ئەنجامدرا و رایگەیاند، 28.5٪ـی دەنگتان بەم برایەتان دا بەڵام بەربژێری تاکە پارتی فاشیزم کە جەهەپەیە 71.5٪ دەنگی هێناوە بۆیە پێویست بەوە دەکات هەڵوەستەی لەسەر بکەین و بە ئاراستەیەک بیر بکەینەوە کە هاوسەنگییەکە بگۆڕێت و، گوتی "پێتان وانییە ئەو پارتەی دەستی بەسەر ئیرادەی ئێوەدا گرتبوو و دەنگی بۆ جەهەپە کۆدەکردەوە، بۆ کامە پرۆژە خزمەت دەکەن؟ ئێستا هەموو شتێک روونە کە چۆن مامەڵە بە دەنگی ئێوەوە دەکەن. ئەمڕۆش هەمان سیاسەت و سیناریۆ لە ئیستەنبووڵ، مێرسین و چەند ناوچەیەکی دیکە دووبارە دەکەنەوە و نابێت ئێوەش رێگەیان پێبدەن، چونکە برا کوردەکانمان شایەنی ئەوە نین بەم شێوەیە سووکایەتی و بێڕێزی بەرامبەریان بکرێت."
هەروەها باسی لەوەش کرد جەهەپە لە 21 ساڵی رابردوودا بووەتە بەربەست لەبەردەمیان بۆ رێگریکردن لە هەر هەنگاوێکی دیموکراسیی کە ناویانە، و گوتی "بێشەرمانە خۆی وەک هیوایەک بۆ برا کوردەکانمان دەردەخات. 31ـی ئادار دەبێتە خاڵی وەرچەرخان کە برا کوردەکانمان رزگاریان دەبێت لە هەموو ژێردەستییەک و بە ئیرادەی ئازادیان بڕیار لەبارەی ئاییندەی خۆیان و شارەکانیان دەدەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ