رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی هەدەپە دەڵێت، هەدەپە پارتی چارەسەری تورکیایە و ئەو دەسەڵاتە گەورەیەیە کە ئەردۆغان لە دەسەڵات لادەبات.
پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە رۆژی یەکشەممە 25ی کانوونی یەکەمی 2022 لە چوارەمین کۆنگرەی رێکخستنەکانی پارتەکەی لە شاری مانیسای تورکیا گوتارێکی پێشکێش کرد و باسی هێرشەکەی پاریس-یشی کرد و گوتی، "دەبێت بە زووترین کات هۆکار و حیساباتە سیاسییەکانی پشت کۆمەڵکوژییەکەی پاریس ئاشکرا بکرێن."
هاوسەرۆکی هەدەپە ئاماژەی بەوە دا، "ساڵی 2022 ساڵێکی سەخت و پڕ لە ئاڵنگاری بوو بۆ هەموو هێزە دیموکراسییەکانی تورکیا، هێرشی گەورە کرایە سەر هەدەپە. ئێمە دەزانین کە لە ساڵی 2023دا سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست دەهێنین."
بوڵدان ئەوەشی خستەڕوو، "هەدەپە پارتی چارەسەری تورکیایە، هەر لەبەر ئەوە رووبەڕووی هێرشی وەها بەرفراوان دەبێتەوە. هەدەپە هەموو رۆژێک رووبەڕووی هێرش و ئۆپەراسیۆن دەبێتەوە. دەسەڵاتدارانی وڵات بە سیاسەت رووبەڕووی هەدەپە نابنەوە، بەڵکو بە کودەتایەکی دادوەری رووبەڕووی هەدەپە دەبنەوە. هەربۆیە لە کاتێکدا دۆسیەی داخستنی هەدەپە و دادگاییکردنی پیلانگێڕی کۆبانی بەردەوامە، هێرشەکان بەردەوامن."
لەبارەی پرسی کوردەوە، هاوسەرۆکەکەی هەدەپە گوتی، "ئەوانەی نکۆڵی لە کورد دەکەن ئەمڕۆ ناخوێندرێنەوە. ئەوانەی دەیانەوێت کورد و هێزه دیموکراسییەکان له سیاسەت دووربخەنەوه، ئەمڕۆ له مێژووی سیاسەتدا نین. هەر لەبەر ئەمەشە ئێمە سەردەمێکی نوێ دەستپێدەکەین کە ئاکپارتی لە زبڵدانی مێژوودا دەبێت."
هەدەپە یەکێکە لە هێزە ئۆپۆزیسیۆنە کاریگەرەکانی تورکیا و لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا کە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، هەدەپە پشتیوانیی لە جەهەپە کرد و بەو جۆرە گەورە شارەوانییەکانی وەکو ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و ئەنتاڵیای لە ئاکپارتی سەندەوە.
بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، کە بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی 2023 بکرێت، هەدەپە هۆشداریی داوەتە تەواوی پارتەکان بەوەی هیچ هاوپەیمانییەکی نافەرمی پەسند ناکات و لە ئەگەری نەبوونی رێککەوتنی واژۆکراودا، پشتیوانیی هیچ لایەنێک ناکات. هەدەپە لەگەڵ شەش لایەنی سۆسیالیست و چەپی تورکیا هاوپەیمانییەکی بەناوی هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی پێکهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ