پەروین بوڵدان: لە وان یارییەکە 8-0 دەبەینەوە

27-04-2023
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە دەڵێت، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا یەسەپە لە وان یارییەکە بە ئەنجامی 8-0 دەبەنەوە، واتە هەر هەشت کورسییەکەی پارێزگای وان دەبەنەوە.
 
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 26ی نیسانی 2023 پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە بە یاوەریی باشاک دەمیرتاش، هاوژینی سەڵاحەددین دەمیرتاش لە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پارتی چەپی سەوز - یەسەپە، کە بۆ بەربژێرانی ژنان لە پارێزگای وان لە باکووری کوردستان رێکخرا، گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاند، هەشت کورسییەکەی پارێزگای وان دەبەنەوە و دەرفەت بە هیچ لایەنێک نادەن لە وان کورسییەکیش ببات، "ئەم یارییە بە ئەنجامی 8-0 لە بەرژەوەندیی یەسەپە کۆتایی دێت."
 
پەروین بوڵدان رەخنەی لە سیاسەتی ئابووری لە تورکیا و بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان گرت و ئاماژەی بەوە دا، رێژەی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک زۆرترین کاریگەرییان لەسەر ژنان هەبووە.
 
بوڵدان ئاماژەی بەوە دا، لە تورکیا بەهێزترین هێز هێزی ژنانە، "هاوپەیمانیی ئاکپارتی و مەهەپە ناچنە گۆڕەپانەکان، بەڵام ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن بۆ بەدەستهێنانی دەنگی ژنان. بەڵێنتان پێدەدەین لە پەرلەمان ببینە دەنگ و رەنگی ئێوە. ئێمەی ژن لە پەرلەمان و تەواوی بوارە جیاوازەکانی ژیاندا، رۆڵی خۆمان دەگێڕین و دەمانەوێت وڵات بەڕێوەببەین."
 
لەبارەی دەستگیرکردنی ئایتەن دۆنمەز، بەربژێری یەسەپە لە پارێزگای کۆجائێلی، کە بەیانیی رۆژی چوارشەممە لە ئیستەنبووڵ لەلایەن تیمەکانی دژەتیرۆری شارەکە دەستگیر کرا، بوڵدان رەخنەی تووندی لە وەزارەتی ناوخۆ گرت و گوتی، "دەسەڵات دەستی بە پیلانگێڕی کردووە دژی نەیارەکانی، بەڵام ئێمەش بێدەنگ نابین لەئاست ئەم پێشێلکارییانەی دژ بە ئەندامان و بەربژێرانمان دەکرێت."
 
سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاندبوو، خانمە بەربژێرێکی یەسەپە، بە جلوبەرگی گەریلاکانی پەکەکە وێنەی لەگەڵ گەریلاکان هەبووە و پێشتر لە قەندیل بووە و ئێستاش خۆی بەربژێر کردووە و راشیگەیاند، وێنەکانی لە میدیاکان بڵاودەکەنەوە.
 
دوای لێدوانەکەی وەزیری ناوخۆی تورکیا، وێنەی ئایتەن دۆنمەز بە جلوبەرگی گەریلا و لەگەڵ گەریلایەکی پەکەکە بڵاوکرایەوە.
 
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردن، رۆژی 14ی ئایاری 2023 هەڵبژاردنی 13مین سەرۆککۆمار و 28مین خولی پەرلەمانیی تورکیا دەکرێت. 36 پارتی سیاسیی مافی بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنانەدا هەیە و 24 پارتی سیاسیی لیستی بەربژێرەکانیان بۆ پەرلەمانی تورکیا پێشکێشکردووە، 12 پارتەکەی دیکەش بەناوی هاوپەیمانی بەشدارن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە