پارێزەری ئۆجەلان: لەوانەیە ئۆجەلان و هاوڕێکانی لە ژیاندا نەمابن

26-03-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئیبراهیم بیلمەز، کە یەکێکە لە پارێزەرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە رایدەگەیێنێت، دوو ساڵە نەیانتوانیوە هەواڵی بریکاردەرە دەستبەسەرەکانیان لە ئیمراڵی بزانن و "لەوانەیە ئەوان لە ژیاندا نەمابن."
 
لە کاتی بەشداریکردنی لە سەمپۆزیومێکی ئیستەنبووڵ، کە تایبەت بوو بە سزا و مافی گیراو، ئیبراهیم بیلمەز لەبارەی دیدار و هەواڵی ئۆجەلان و هاوڕێکانی لە ئیمراڵی گوتی، "ماوەی دوو ساڵە نەمانتوانیوە هیچ هەواڵێک لەبارەی بریکاردەرانمانەوە بزانین. لەوانەیە لە ژیاندا نەمابن. دەوڵەت دەڵێت لە ژیاندان، بەڵام متمانە بە دەوڵەت ناکەین و لە دڵەڕاوکێداین. ئەم بابەتە پەیوەندیدارە بە تەواوی مافناسانەوە."
 
لەبارەی دیدارەکانی پێش ئەو دوو ساڵەش ئیبراهیم بیلمەز باسی لە بوونی گوشار و هەڕەشە کرد و گوتی، "گرتووخانەی ئیمراڵی لەنێو سیستمی یاسای تورکیا نییە. هەروەها لەنێو سیستمی یاسای جیهانیش نییە. پابەندی هیچ جۆرێکیان نییە. بۆ نموونە، ئەگەر لە تورکیا دەستبەسەر بکرێیت پارێزەرەکەت هەموو رۆژێک دەتوانێت سەردانت بکات؛ بەڵام لە ئیمراڵی بۆت هەیە هەفتانە تەنیا رۆژی پێنجشەممە سەردانی بکەیت، ئەویش لە ساڵی جارێک مۆڵەتی دیدار دەدەن، کە ئێستا ئەوەش نەماوە."
 
هەروەها ئەو پارێزەرەی ئۆجەلان باسی لەو گوشارە تووند و جیاوازە کرد کە لە گرتووخانەی ئیمراڵی هەیە و ئەوەی خستەڕوو، لەو کاتانەی سەردانی دوورگەکەیان دەکرد، لەلایەن هێزی کۆماندۆی دەمامکداری دەوڵەتەوە دەگەیشتنە ئەوێ و ناڕاستەوخۆ بە چاویان هەڕەشەیان دەکرد.
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە شوباتی 1999وە لە گرتووخانەی ئیمراڵی بەند کراوە، دوایین جار لە 7ی ئابی 2019 پارێزەرەکانی سەردانیان کرد. دوای زیاتر لە دوو ساڵ گۆشەگیری، لە 12ی کانوونی دووەمی 2019 رێگە درا محەممەد ئۆجەلان سەردانی ئیمراڵی بکات و چاوی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلانی برای بکەوێت.
 
رۆژی 25ی ئاداری 2021 محەممەد ئۆجەلان و عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ ماوەی چوار خولەک بە تەلەفۆن قسەیان کرد. دوای ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە، پارێزەرانی ئۆجەلان چەندین جار بۆ بینینی ئۆجەلان داواكارییان پێشكێشی سەرۆكایەتیی داواكاری گشتیی بورسە كرد، بەڵام داواكارییەكانیان رەتكرانەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە