رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا باسی یادەوەرییەکی خۆی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کرد، کاتێک نێچیرڤان بارزانی وێنەیەکی لەسەر مۆبایلەکەی ئەردۆغان بینیوە و پرسیاری لەبارەی وێنەکەوە کردووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی 23ی نیسان بۆ یەکەمجار وردەکارییەکی سەرنجڕاکێشی بۆ ئەو منداڵانەی گێڕایەوە کە بەبۆنەی جەژنی منداڵان لە تورکیا سەردانی ئۆفیسەکەیان کردبوو. یەکێك لە منداڵەکان وێنەیەکی ئەردۆغان و دایکی بەدەستی خۆی کێشابوو و پێشکێشی ئەردۆغانی کرد.
سەرۆککۆماری تورکیا بەو دیارییە زۆر کاریگەر بوو و باسی ئەو گفتوگۆیەی خۆی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە لە هەولێر وێنەی دایکی لەسەر تەلەفۆنەکەی بینیوە و لە ئەردۆغانی پرسیوە، "ئەوە وێنەی کێیە؟".
ئەردۆغان گوتی، "دوێنێ لە عێراق بووم. سەرۆکی باکووری عێراق کرانەوەی مۆبایلەکەمی بینی، لە کرانەوەی شاشەی مۆبایلەکەم وێنەی دایکم هەبوو. گوتی: ئەوە کێیە؟ گوتم: دایکمە. وەڵامی دایەوە و گوتی: تۆ ئەوەی دەیڵێیت پراکتیزەی دەکەیت. گوتم: دایک لەبیر ناکرێت؛ ئەگەر بمرێت، لەبیر ناکرێت."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو بابەتەکە بەمجۆرە بووە: لە کاتی هاتنی ئەردۆغان لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بۆ نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کورستان، هەردووکیان لە یەک ئۆتۆمبێلدا بوون؛ تەلەفۆنێک بۆ ئەردۆغان هاتووە، نێچیرڤان بارزانی بە ئاماژەدان بە وێنەی سەر شاشەکە گوتوویەتی، ئەمە کێیە؟ ئەردۆغانیش گوتوویەتی، "دایکمە".
نێچیرڤان بارزانیش پێی دەڵێت، لە کاتی وەفاتی دایکتدا فەرموودەیەکی گونجاو و قسەیەکی بەمانات کرد، کە گوتت، "بەهەشت لەژێر پێی دایکاندایە"، کەس نابێت هیچ کاتێک خۆی لە سۆز و میهرەبانی دایکی بێبەش بکات.
رۆژی 23ی نیسان، ئەو کاتەی منداڵەکە وێنەکەی پێشکێشی ئەردۆغان کردووە، سەرۆککۆماری تورکیا پێی گوتووە "کچم ئێستا تۆ یادەوەرییە لەبیرنەکراوەکەی من و دایکمت کێشاوە."
دوای 13 ساڵ، لە 22ی نیسانی 2024 دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت کۆبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ