تورکیا
وێنەی گوندێک لە سنووری مەرەشی باکووری کوردستان کە بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە. وێنە: AA
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ژینگە و شارسازیی تورکیا دەڵێت، دەستکراوە بە دروستکردنی 73 هەزار و 972 خانوو لە گوندەکانی ئەو پارێزگایانەی باکووری کوردستان و تورکیا کە بوومەلەرزەکەی رۆژی 6ـی مانگ کاریگەریی گەورەی لەسەریان هەبوو.
موراد کوڕوم، وەزیری ژینگە و شارسازیی تورکیا ئەمڕۆ هەینی، 24ـی شوباتی 2023، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە، دەستکراوە بە دروستکردنی 73 هەزار و 972 خانوو لە گوندەکانی هەر 11 پارێزگا بوومەلەرزە لێدراوەکەی باکووری کوردستان و تورکیا.
موراد کوڕوم ئاماژەی بەوەکرد کە چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی دوو مانگدا ئەو خانووانە رادەستی خاوەنەکانیان بکرێن.
وەزیری ژینگە و شارسازیی تورکیا راشیگەیاند، پرۆسەکە تەنیا دروستکردنی خانوو ناگرێتەوە، بەڵکو دروستکردنەوەی رێگەوبان و رێکخستنەوەی کێڵگەی جووتیار و باخەوانانیش بەشێک دەبێت لێی.
وەزیری ژینگە و شارسازیی تورکیا گوتی، دروستکردنی خانوو لە گوندەکان بە گوێرەی پارێزگاکان بەم جۆرەی خوارەوە دەبێت:
- مەلەتی؛ 17 هەزار و 990 خانوو
- هاتای؛ 15 هەزار و 59 خانوو
- مەرەش؛ 13 هەزار و 16 خانوو
- سەمسوور؛ 9896 خانوو
- دیلۆک؛ 9536 خانوو
- ئامەد؛ 2927 خانوو
- روها؛ 2081 خانوو
- عوسمانییە؛ 1378 خانوو
- کیلیس؛ 1002 خانوو
- ئادانا؛ 701 خانوو
- خارپێت؛ 386 خانوو
موراد کوڕوم گوتی، رۆژی 22ـی شوباتی 2023، تەندەری گرێبەستی دروستکردنی خانووەکان واژۆکران.
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 6ـی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر کە چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 11 باکووری کوردستان و تورکیای هەژاند.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا 43 هەزار و 556 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە و 114 هەزار و 505 کەسی دیکە برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ