رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی دەڵێت، ئەگەر کورد لە تورکیادا وەکو گەل بناسرێت، ئەو کاتە دەکرێت پڕۆسەی ئاشتی دەستپێبکاتەوە و بەشێکی زۆری کێشەکانیش چارەسەر بکرێن.
ئەمڕۆ سێشەممە 22ی تشرینی یەکەم دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، ئەگەر گۆشەگیری سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵبگیرێت، دەبێت رێبەرەکەی پەکەکە بچێتە پەرلەمان و بڵێت، "تیرۆر بەسەرچووە و رێکخراوی تیرۆریستی هەڵوەشاوەتەوە."
دوای قسەکانی باخچەلی، سینان چیفتیورەک، پەرلەمانتاری دەم پارتی بۆ ماشەڵڵا دەکاک، پەیامنێری رووداو لە ئامەد قسەی کرد و گوتی، "داواکەی باخچەلی گرنگە، بەڵام ئەگەر ئۆجەلان بێتە پەرلەمان، دەبێت سەرەتا تیرۆریست ئۆجەلان نەبێت و بەڕێز ئۆجەلان بێت."
چیفتیورەک گوتی، "ئەگەر داواش دەکەن پەکەکە چەک دابنێت، ئەوە بابەتی ئۆجەلان و پەکەکەیە و ئەوان بڕیار دەدەن."
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر دەوڵەت هەنگاوێک بنێت و هەبوونی گەلی کورد پەسند بکات و لە دەستووردا نەڵێن گفتوگۆ لەسەر مادەی چوار و بابەتی هاوشێوە نەکرێت، ئەوکاتە دەکرێت هەنگاو بۆ پرۆسەی ئاشتی بنرێت."
دەوڵەت باخچەلی لە قسەکانیدا گوتی، "پێویستمان بە پتەوکردنی برایەتیی هەزار ساڵەیە. کێشەی تورکیا کورد نییە، بەڵکو رێکخراوی تیرۆریستیی دابەشکارە."
سینان چیفتیورەک دەڵێت، "ئەگەر دەیانەوێت ئاشتی لە نێوخۆدا هەبێت، پێویستە سەرەتا دەوڵەت هەنگاو بۆ ئەوە بنێت. بانگەوازەکەی باخچەلی نیشانەی هەنگاوێکی نوێیە بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا. وا دیارە دەیانەوێت لە بابەتی کورد و کورستاندا هەنگاوێک بنێن."
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی گوتیشی، "ئۆجەلان لە زیندان ئازاد بکرێت هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام ئەوەش بە تەنیا نا، بەڵکو دەبێت لەسەر {دۆزی} کورد و کوردستان پرۆسەیەکی نوێ دەستپێبکات."
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی پێیوایە، بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا هەنگاوی یەکەم ئازادکردنی ئۆجالانە؛ گوتیشی، "دەبێت گەلی کورد وەکو گەلی تورک قبووڵ بکرێت. پێویستە زمانی کوردی لە قوتابخانەوە تاوەکو زانکۆکان ببێتە زمانی فەرمی پەروەردە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ