رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، وەکو ژنان زیندانیکردنی جانان کافتانجیئۆغڵو، سەرۆکی لقی جەهەپە لە ئیستەنبووڵ، "قەبووڵناکەین."
لە گوتارێکی تایبەت بە چوارەمین کۆنگرەی ئاسایی ژنانی هەدەپە پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراتی گەلان ئاماژەی بە گرنگیی رۆڵ، جووڵانەوە و پێگەی ژنان لە سیاسەت کرد. هەروەها لەبارەی دەستگیرکردنی ژنە سیاسەتڤانی جەهەپە جانان کافتانجیئۆغڵو گوتی، "ئەو سزای زیندانییەی سەپێندراوە بە سەر بەڕێز کافتانجیئۆغڵو بە هیچ شێوەیەک مایەی قەبووڵکردن نییە و ئەمە هێرشێکە بۆ سەر سیاسەتکردنی ژنان. دەمەوێت ئەمە بە باشی بزانن کە تاوەکو بەرامبەر ئەم سیاسەتە بێدەنگ بین، دۆخەکە زیاتر بەرەو خراپی دەڕوات."
هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە هەروەها رەخنەی لە سیاسەتیی ئاکپارتی و مەهەپە گرت و رایگەیاند، "ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن بە هێزێکی هاوبەشەوە بەرامبەر هەڵمەتە نایاساییەکانی دژی سیاسەتی کورد و ژنان کە ئۆپەراسیۆنەکانی کەجەکە، کودەتای 4ـی تشرینی دووەم، کودەتای قەییومەکان هەڵوێستی وەربگرتایە، ئەمڕۆ ئەمانە روویاننەدەدا."
بوڵدان رەخنەی لە ئاکپارتی گرت بەوەی قەیوومی لەسەر شارەوانییەکانی هەدەپە داناوە و ئێستا ئەو شارەوانییانە بوونەتە وەبەرهێنەری شیرینەمەنی و شتی بێ مانا.
لە 19ـی ئابی 2019 ـەوە بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا هەڵمەتێکی بەرفراوانی قەیووم بۆ سەر شارەوانییەکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەستیپێکرد. هەدەپە 31ـی ئاداری 2019 لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا شارەوانییەکانی سێ گەورەشار، پێنج شار، 45 شارۆچکە و 12 شارەدێی بەدەستهێنا و بووە خاوەنی 65 شارەوانی. هەر لە سەرەتاوە بەڵگەنامەی کارکردن بە شەش شارەوانیی هەدەپە نەدرا، بۆ 59 شارەوانییەکە، تاوەکو ئێستا قەیووم لەسەر 53یان دانراون، سەرۆکی دوو شارەوانی لەلایەن هەدەپە دوورخرانەوە، ئەو دوو سەرۆک شارەوانییە سەرەتا دەستیان لە هەدەپە کێشایەوە و دواتر چوونە سەر لیستی ئاکپارتی. ئێستا هەدەپە تەنیا چوار شارەوانی بەدەستەوە ماوە.
کۆی گشتی 72 هاوسەرۆکی شارەوانیی هەدەپە دەستبەسەرکران، 37 هاوسەرۆکی شارەوانیی کە 19یان هاوسەرۆکی ژنن، خرانە زیندانەوە. بێجگە لە لادانی هاوسەرۆکانی ئەو شارەوانییانە، 807 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی هەدەپە لە کارەکانیان دوورخراونەوە.
قەیووم لە یاساکانی تورکیادا جۆرە مامەڵەیەکە بۆ چارەسەرکردنی پرسێک و گرفتێکی تایبەت لە رووی کارگێڕی و داراییەوە. دەوڵەت لە رێگەی دامەزراندنی فەرمانبەرێکی کاربەڕێکەر "فەرمانبەرەکە دەکرێت لە هەر پۆستێک بێت" تاوەکو چارەسەرکردنی گرفتەکە دەوڵەت خۆی بەڕێوەی دەبات.
پێشتر تەنیا لە رووی کارگێڕی و دارایی قەیووم جێبەجێ دەکرا. بۆ نموونە دەوڵەت هاوکار دەبوو بۆ دەربازکردنی دامەزراوەیەک یان کۆمپانیایەک لە مایەپووچبوون و لە رێگەی فەرمانبەرە کاربەڕێکەرەکەوە ماوەیەکی کاتی دامەزراوەکەیان بەڕێوەدەبرد، بەڵام لە دوایین هەمواری یاسایی لە ساڵی 2018دا رێکارەکانی یاسایی قەیووم فراوانتر کرا.
بەگوێرەی یاسا هەموارکراوەکە، ئەگەر سەلمێندرا دامەزراوەیەک "کەرتی گشتیی بێت یان تایبەت" تاوانەکانی قاچاخچییەتی دژ بە مرۆڤەکان، بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، بازرگانیکردن بە جەستەی مرۆڤ، بازرگانی لەشفرۆشی، قومار، سپیکردنەوەی پارە، بەزۆر دەستبەسەرداگرتنی سامان، دامەزراندنی گرووپی چەکداری، مافیاگەرێتی و سیخوڕی کردبێت، دەوڵەت دەست بەسەر دامەزراوەکەدا دەگرێت و خۆی بەڕێوەی دەبات. بەپێی یاسای تورکیا پێی دەگووترێت قەیووم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ