رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک دەڵێت، ژمارەیەکی زۆر کورد لە تورکیا 7 ساڵ بۆ 12 ساڵە چاوەڕوانن لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بنێردرێنە وڵاتێکی دیکە.
وەلید خالید، هاونیشتمانییەکە و لە یەکێک شارەکانی تورکیا دەژی و ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "7 ساڵە چاوەڕوانی وەڵامی نەتەوە یەکگرتووەکانم؛ لێرە ژیانمان زۆر نالەبارە و کەسیش وەڵاممان ناداتەوە."
وەلید خەڵکی کەرکووکە و ساڵی 2017 چووەتە تورکیا و لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە داوای گەیاندنی بە وڵاتی سێیەم کردووە و دەڵێت، "لە تورکیا رەگەزپەرستی زۆر بەرامبەرمان دەکرێت. لەو ناوچەیەی دەژیم بە عەرەبیش ناتوانم بە ئازادی و بێ ترس قسە بکەم نەوەک بە کوردی، هەروەها هیچ مافێکی پەنابەریمان نییە."
وەلید خالید گوتی، کوردی لەگەڵدایە 12 ساڵە لە تورکیا چاوەروانی وڵاتی سێیەمە بۆ ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بینێرێت؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "خەڵک دەنێردرێتە وڵاتی سێیەم، بەڵام لە 100 کەس کە لێرەن یەک کەس دەنێرن، ئەوەش هەر نەهێڵن باشترە."
ئەو هاونیشتمانییە باسی لەوەشکرد، لە تورکیا ئەگەر کاریشیان پێبدەن بەراورد بە خەڵکی ئەو وڵاتە بە نیوە پارەیان پێ دەدەن؛ گوتیشی، "داوا دەکەم لە رێگەی رووداوەوە دەنگمان بگاتە نەتەوە یەکگرتووەکان و جیهان و بزانن لێرە لە چی زەحمەتی و ژیانێکی سەختدا دەژین."
وەلید خالید باسی لەوەشکرد، لەو شارەی دەژین "وەک زیندانی"ن و بۆ چوونە شارێکی دیکە دەبێت مۆڵەتی لایەنی ئەمنی وەربگرن و ئاماژەی بەوەشکرد، "تەنانەت هیچ خزمەتگوزارییەکی تەندروستیشمان نییە. کاتێک دەڵێین نەخۆشین پێمان دەڵێن بچنە دەرەوە بە پارەی خۆتان دەرمان بکڕن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ