رووداو دیجیتاڵ
پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە جەماوەرەکەی دڵنیا دەکاتەوە لەوەی پارتەکەیان داناخرێت و دەبێتە پارتێکی بەربژێر بۆ بەڕێوەبردنی تورکیا.
لەمیانی چوارەمین کۆنگرەی پارتەکەی کە لە شارۆچکەی ئاکدەنیزی پارێزگای مێرسینی تورکیا رێکخرابوو، گوتی "پێویستە هەدەپە بەشداریی حکومەتی تورکیا بکات". بوڵدان لەبارەی هەوڵەکان بۆ داخستنی پارتەکەی بە جەختکردنەوە ئاماژەی بەوە کرد، "سوێند بێت دەرگای هەدەپە داناخرێت".
کۆنگرەکە بە بەشداریی چەندین کەسایەتیی حیزبی و دامەزراوەی مەدەنیی پارێزگاکە بەڕێوەچوو.
رۆژی 16-02-2022 دادگەی دەستووریی تورکیا لەسەر داواکاریی هەدەپە، ماوەی بەرگری لەخۆکردنی ئەو پارتەی بۆ دوو مانگی دیکە درێژکردەوە. هەدەپە لە دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ دادگایی دەکرێت و دۆسیەی داخستنی بۆ کراوەتەوە.
حکومەتی تورکیا رۆژی 4ی کانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆسەر هەدەپە دەستپێکرد و هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاری ئەو پارتە دەستبەسەر کران و دواتر بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە.
لە دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ بە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپەوە، 108 ئەندام و بەرپرسی هەدەپە دادگایی دەکرێن، کە 21 کەسیان ئێستا لە زیندانن.
داواکاری گشتی داوای 19 هەزار و 680 ساڵ زیندانی بۆ 108 ئەندام و بەرپرسی هەدەپە و زیندانی هەمیشەیی بۆ 38 لەو تۆمەتبارانە دەکات، کە لەو دۆسیەیەدا دادگایی دەکرێن.
تاوەکو ئێستا لە دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ 8 سیاسەتڤان بە مەرج ئازادکراون.
یەکەمین دانیشتنی دادگە لەسەر ئەو دۆسیەیە دوای تێپەڕبوونی شەش ساڵ بەسەر رووداوەکاندا و رۆژی 26ی نیسانی رابردوو لە 22ەمین دادگەی سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو.
هەدەپە، کە لەلایەن داواکاری گشتیی تورکیاوە سکاڵانامەی لەسەر تۆمارکراوە و هەوڵی داخستنی دەدرێت، سێیەمین گەورە فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیایە و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا کە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، 11.7%ی دەنگەکانی بردەوە و لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمان، 67 کورسیی بەدەستهێنا و ئێستا خاوەن 58 کورسییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ